هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەلیبیا بەدوای ئەبوبەكر بەغدادی دەگەڕێت

جیهان

13/05/2019‌ 783 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "دەیلی ئێكس پرێس" ی بەریتانی باسی لەوە كردووە، كە بەریتانیا و وڵاتە رۆژئاواییەكانی تر ئێستا لە لیبیا بەدوای ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی داعش دەگەڕێن ، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن ئەگەری زۆرە بەغدادی بۆ ئەوێ چووبێت.

رۆژنامەكە لەراپۆرتێك بڵاویكردەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چەند هەفتەی پێش كۆتاییهاتنی خەلافەتەكەی داعش لەسوریا تێبینی هیچ شوێنەوارێكی ئەبوبەكر بەغدادی نەكراوە ، بەتایبەت دوای ئەوەی لەلایەن چەند چەكدارێكی ڕێكخراوەكە هەوڵی تیرۆركردنی درا لەناوچەی باغۆزی رۆژهەڵاتی سوریا.

رۆژنامەكە لە سەرچاوەیەكی سەربازی بەریتانییەوە ئەوەشی بڵاویكردەوە، ئەو سەرچاوە هەواڵگرییانەی باس لەوە دەكەن بەغدادی لە لیبیایە سەرچاوەی باوەرپێكراون ، بەڵام دەبێت ئەو زانیارییانە زیاتر لێیان بكۆڵرێتەوە.

هەروەها رۆژنامەكە بڵاویكردەوە، كە ئەو زانیارییە هەواڵگریانە كاتێك دەستكەوتوون هێزی ئاسمانی پاشایەتی بەریتانی ناچاربوون یەكەیەكی سەر بە هێزی تایبەتی ئاسمانی بەریتانی لەلیبیا بگوازنەوە ، ئەوەش بەهۆی ئەو پێشكەوتنە خێرایەی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر لەسەر زەوی بەدەستیان هێنا .

بەپێی رۆژنامەی دەیلی ئێكسپرێس، جارێكی تر هێزی ئاسمانی بەریتانی گەڕاوەتەوە بۆ ئاسمانی لیبیا تا بەهاوبەشی لەگەڵ فرۆكە ئەمەریكی و ئیتالییەكان بەدرێژایی رۆژ لە جێپێی "ABB" بگەڕێن ، ئەوەش ئەو كۆدەیە، كە بۆ دیاریكردنی ئەبوبەكر بەغدادی وەك ئامانج بەكاردێت .

لەو بارەشەوە ئەفسەرێكی هەواڵگری بەریتانی باسی لەوە كردووە، كە رەنگە پەناگەی بەغدادی لەیەكێك لەو حەوت لقەی ڕێكخراوەكە بێت لە باكووری ئەفریقیا .

ئەو سەرچاوە هەواڵگرییە بەریتانییە دەڵێت: بەغدادی ناتوانێت بەئازادی هات و چۆ بكات ، لەهەر شوێنێكیش بێت بەجۆرێك مامەڵە دەكات تا نەبێتە جێگای سەرنج و ئاشكرا ببێت ، بەڵام ئێمە دەستنیشانكردنی خۆی و تیمەكەی گەلێك شێوازمان هەیە ، بەدڵنیایی درەنگ یان زوو هەڵەیەك هەر دەكەن.

لە كۆتایی مانگی نیسان بەغدادی تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە ، كە هەندێ لە شارەزایان ئەوەی لێهەڵێنجا كە ڕێبەری داعش هێشتا لە ناوچە بیابانەكانی سەر سنووری نێوان عێراق و سوریا ماوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی