وردەكاری پلانی ئەمەریكا بۆ پڕچەككردنی گرووپە سووننەكانی عێراق

عیراق

13/05/2019‌ 1508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایكردووە، كە لەهەندێك لە ناوچە سوننییەكان ئەمەریكییەكان پلانیان هەیە بۆ پڕچەككردنی بەشێك لەهێز و لایەنە سوونییەكانی عێراق ، ئەوەش بەئامانجی پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندەی و بنكە و بارەگا سەربازییە ئەمەریكییەكان ، هەروەك ئەعرەجی پێیوایە، كە ئامانجی بەشێكی تری پلانەكە كەمكردنەوەی باڵادەستی حەشدی شەعبییە لەو ناوچانە .

لەلێدوانێكیدا ئەعرەجی دەڵێت: لە سەلاحەددین و ئەنبار و موسڵ ئەمەریكییەكان دەستیان كردووە بەنزیكبوونەوە لە گرووپە سوننییەكان، ئەوەش لەپێناو پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و بنكە بارەگا سەربازییەكانیان لەو ناوچانە "

جێگری سەرۆك وەزیری عێراق دەشڵێت: پلانەكە ئامانجیشی كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی حەشدی  شەعبی و باڵادەستییانە لەو ناوچانە ، ئەویش لەڕێگای گوشارخستنە سەر حكومەتی بەغدا بەوەی ئەو چەكدارانە بە چەكدارانی سەر بە واشنتۆن ئاڵوگۆڕ بكات.

سەبارەت بەناكۆكی و ململانێی  نێوان واشنتۆن و تاران ، ئەعرەجی پێیوایە عێراق زیانمەندی هەرە گەورەی هەر ململانێ و جەنگێكی نێوان ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكان دەبێت ، دەشڵێت پێویستە عێراق ڕێگە نەدات هیچ لایەنێكی عێراقی پێی بخزێتە ناو ئەو ململانێیە و  بەرانبەر بەو قەیرانە هەڵوێستی عێراق یەكگرتوو بێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی