فشارێكی زۆر هەیە لەسەر عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت

عیراق

14/05/2019‌ 1876 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن حەسەن
پرسی رادەست نەكردنی  ئەو برە نەوتەی لەرێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادا هاتوە، بەكۆمپانیای سۆمۆ نەناردنی حساباتی داهاتە سنورییەكان، بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە بووەتە یەكێك لەبابەتە سەرەكییەكانی ناو میدیای كوردستان و عێراقیش، هاوكات فشارەكانیش لەسەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەو بارەوە رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق هەرێمی كوردستانی ناچار كردوە بە رەوانەكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا، بەڵام تائێستا هەرێم پابەند نەبووە بە رەوانەكردنی ئەو بڕە نەوتە بە كۆمپانیای سۆمۆ خۆشی لاداوە لەو رێككەوتنەی لەسەر داهاتی خاڵە سنوریەكان ئیمزا كراوە.

لەچەند رۆژی رابردوودا سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق لەچاوپێكەوتنێكیدا لە كەناڵی شەرقییە، پێشبینی ئەوەی كرد بەغداد چیتر پارە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێ بەوپێیەی هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی حكومەتی عێراق نەكردووە.

بەڵام هەر زوو نوێنەرە كوردەكانی لیژنەی دارایی رایانگەیاند، كە هیچ كەسێك مافی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببرێت، چونكە لە یاسای بودجەدا جێگیر كراوە و گۆڕانكاری تێدا ناكرێت.

بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتیش لە هەرێمەوە لەئێستادا فشارێكی زۆر لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دروستبووە بۆ راگرتنی ئەو پارەیەی، كە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكرێت، ئەوەش ئەگەری بڕینی ئەو موچەیە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە زیاتر كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لایەنە سیاسییە عێراقییەكان دەستیان بەفشارێكی زۆر بۆ سەر حكومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت و بۆ ئەو مەبەستەش زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعەكان بەتایبەت كوتەلەی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی فشاری زۆریان دروستكردووە بۆ ئەوەی بەغدا پارەی هەرێم رابگرێت تا ئەو كاتەی هەرێم نەوت رادەست دەكا، لەهەمانكاتیشدا ئەوان دەڵێن بەغداد موچەی چوار مانگی ناردوە بەڵام لەهەرێم یەكجار موچەی دابەش كردوە.

لەئێستا ئەو پەرلەمانتارانە لە هەوڵی كۆكردنەوەی واژوودان بۆ ئەوەی دانیشتنێكی پەرلەمان بكرێت و حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ناچار بكەن ناردنی پارە بۆ هەرێم رابگرێت، بەوتەی خۆشیان نوێنەرە كوردەكان هەوڵی زۆریان داوە ئەمە بوەستێنن، بەڵام فشارەكان زۆرن و لە توانای نوێنەرانی كورد بەهێزترە.

هەموو ئەو فشارانەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە بەشێك لەلایەنە شیعەكان دەیانەوێت پرستی رادەست نەكردنی نەوتی هەرێم لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەكاربهێنن.

حكومەتی هەرێم تائێستا ئامادەنییە، كە داهاتی نەوتی هەرێم رادەست بكات، ئەوەش لایەنە عێراقییەكانی نیگەران كردووە، بەوەی نابێت بەغدا داهاتی خۆی بۆ هەرێم بنێرێت لەكاتێكدا هەولێر نە داهات رادەست دەكات‌و نە موچەی فەرمانبەرانیشی پێدابین دەكرێت.

هەرچەندە ئەندامە كوردەكانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدەن لەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت، بەڵام مەترسی خۆشیان نەشاردووەتەوە لەوەی ئەگەر هەرێم بەردەوام بێت لەسەر ئەم هەڵوێستەی و نەوت رادەست نەكات ئەوا موچەی هەرێم ببڕدرێت.

غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی وزە لەپەرلەمانی عێراق بەشارپرێسی وت: هەرێم نایەوێت نەوت رادەست بكات بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی نایەوێت نەوت رادەست نەكات، چونكە بنەماڵەی بارزانی سەرپەرشتی نەوت دەكەن دەیانەوێت خۆیان ئەو نەوتە بفرۆشن‌و داهاتەكەی لای خۆیان بێت.

ئەو ئاماژەی بەوەشكرد، ئاشتی هەورامی كۆمەڵێك گرێبەستی ژێر بەژێری  كردووە بە رادەستكردنی نەوت بە بەغدا زەرەرمەند دەبن، بۆیە بەوتەی خۆی بنەماڵەی بارزانی نەوت رادەستی بەغدا بكرێت.

لەیاسای بودجەی گشتی عێراق مانگانە ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم جێگیر كراوە، بەڵام لەچوار مانگی رابردوودا ئەوەی بۆ هەرێم رەوانە كراوە نزیكەی شەش ترلیۆنە بەو پێیە زیاتر لە چوار تریلیۆنی بەهۆی رادەست نەكردنی نەوتی هەرێمەوە بڕدراوە.

غالب محەمەد روونیدەكاتەوە، ئەگەر هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت بەو نرخەی خۆیان ئەوا هەرێم نەك ئەو پارەیەیان دەست ناكەوێت، كە لەبەغداوە وەری دەگرن، بەڵكو دوو ترلیۆنیش زەرەر دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان ، كە لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم تائێستا ئامادەنییە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی حكومەتی عێراق بكات، ئەوەش مەترسی ئەوەی دروست كردووە، بەغدا موچەو بودجەی هەولێر ببڕێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، پارتی بەدوو هۆكار نایەوێت داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی عێراق بكات، كە یەكێكیان پەیوەندی بەكێشە ناوخۆییەكانی ئەو پارتەوە هەیە بەجۆرێك نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ رادەستكردنی نەوت نیەو مەسرور بارزانیش لەگەڵ ئەوەیە نەوت رادەست بكرێت. 

هەر بەپێی زانیارییەكان، مەلەفی نەوتی هەرێم تائێستا بەتەواوی لەدەستی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتییە، كە ناوبراو ئێستا سەرۆكی حكومەتەو لەداهاتوو دەبێتە سەرۆكی هەرێم‌و ئامادەنییە ئەو مەلەفە رادەستی بەغدا بكات. 

ئەو زانیاریانەی شارپرێس ئاشكرایدەكەن، كێشەیەكی تری ناوخۆی پارتی لەسەر نەوت ئەوەیە كێشە لەنێوان كەسە دیارەكانی ناو بنەماڵەی بارزانی هەیە لەسەر بڕی ئەو دەستكەوتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستیان دەكەوێت بەتایبەت لەو نەوتەی لە كەركوك و ناوچەكانی تری نزیك لە موسڵ دەستیان دەكەوێت.

پەرلەمانتارێكی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێت بەبیانوی ئەوەی لێدوانیان لێ قەدەغەكراوە بەشارپرێسی راگەیاند، ناردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە هیچ مەترسییەكی لەسەر نییەو وەزیری دارایی فوئاد حسێن ئەو دڵنیاییەی داوە بە ئێمە، بەڵام خۆ دەبێت ئەم پرسە لەنێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا بۆ ئەوانیش روون نەبووەتەوە، كە بۆچی حكومەتی هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا ناكات، بەڵام بەوتەی خۆی بەپێكهێنانی كابینەی داهاتووی هەرێم ئەو پرسە باشتر روون دەبێتەوە.

پەرلەمانتارەكەی پارتی، باس لەوەش دەكات نییەتێكی جدی لەلایەن كاندیدەكەی سەرۆكی كابینەی نوێی هەرێم هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن، رەتیشیدەكاتەوە پارتی رێگر بێت لە رادەستنەكردنی نەوت بە بەغدا، چونكە بەوتەی خۆی ئەمە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێم و حكومەتیش تەنیا لە پارتی پێكنەهاتووە.

یەكێكی تر لەهۆكارەكان ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەیەوێت كارتی نەوت بەكار بهێنێت بۆ ئەگەری سەربەخۆیی كەهێشتا ئومێدێكی بەوە ماوە لە روودانی ئاڵۆزیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، ئەگەری ئەو فرسەتە بەهێزتر دەبێت، بۆیە نایەوێت داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكات، ئەمە جگە لەوەی ئەو بۆچونە بەهێزە لەماوەی داهاتوو كێشەكانی ناو عێراق زیاتر قووڵ دەبنەوەو ئەوەش ئەگەری شەری ناوخۆی لێدەكەوێتەوە بەوهۆیەشەوە دەرفەتی زیاتر  بۆ ئابوری سەربەخۆ دەرەخسێنیت. 

بەپێی راپۆرتێكی دیلۆت دەردەكەوێت لەئێستادا حكومەتی هەرێم لە توانایدا هەیە بە داهاتی نەوتی خۆی موچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات،بەڵام حكومەتی هەرێم نە نەوت رادەستی بەغدا دەكات نە موچەی فەرمانبەرانیش لەكاتی  خۆیدا و بێ پاشەكەوت دابەش دەكات ئەگەر پارەكەی بەغدا نەبێت.

دیلۆت لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا باسی لەوەكردوە، حكومەتی هەرێم لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو بە بەهای یەك ملیارو هەشت سەد ملیۆن دۆلار نەوتیان فرۆشتووەو لەو پارەیەش زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە كە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت موچە بدات.

هاوكات بەپێی زانیارییەكان لەئێستادا حكومەتی هەرێم رۆژانە ٤٣٠ هەزار بەرمیل دەفرۆشێت، كە لەشێكی لەناوخۆ دەفرۆشێت و بەشێكیشی رەوانەی دەرەوە دەكات، بەڵام تائێستا بە وردی نازانرێت هەر بەمریلێك بە چەند دەفرۆشێت و داهاتەكەی چەندە.

تەها حەمە ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەدا جێگیر كراوەو هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت، چونكە بەوتەی خۆی هەرێم پابەند كراوە ئەو پارەیە بۆ مووچە بەكاربهێنێت.

تەها حەمە ئەمین بە شارپرێسی راگەیاند، لە بودجەدا چەند مادەیەكی تێدایە كە رێگری دەكات لەوەی موچەی هەرێم ببڕدرێت كە مادەیەكیان باس لەوە دەكات ناردنی موچەی فەرمانبەران دور بگیرێت لە ململانێی سیاسی و حكومەت هەرێمیش ناچار كراوە بۆ موچە بەكاری بهێنێت، بۆیە تا كۆتایی ساڵ ئەم یاسای وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی باس لەوە دەكات، رادەستكردنی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێمدایەو حەق وایە هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر رادەستكردنی نەوت رێكبكەوێت، پێشی وایە كە تائێستا نازانرێت هەرێم بۆچی نەوت رادەست ناكات.

بڕیارە لە سێ مانگی داهاتوودا گفتوگۆكان لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دەست پێ بكات ئەوەش ئەركێكی قورس دەخاتە سەر نوێنەرەكانی كورد لەپەرلەمانی عێراق كە زۆریان پێیانوایە ناتوانن ئەو مادانەی ساڵی ٢٠١٩ جێگیر بكەنەوە، چونكە بەوتەی خۆیان هەرێم لەلای بەغدا متمانەی نەماوەو ناتوانن لەگەڵی رێكبكەون.