سیستانی سەیركردنی هەندێك لەدراما تەلەفزیۆنییەكان حەرام دەكات

عیراق

14/05/2019‌ 700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەكانی عێراق لە فەتوایەكدا سەیركردنی هەندێك لە دراما تەلەفزیۆنەكانی حەرام كرد.

لە وەڵامی پرسیارێكدا، كە بۆ نووسینگەی عەلی سیستانی هاتووە و دەڵێت: حوكمی سەیركردنی هەندێك لەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە عەرەبییانە چییە، كە لەسەر شاشەكانی تەلەفزیۆنە عێراقییەكان پیشان دەدرێن ، بەجۆرێك هەندێك لە ئەكتەرەكان جلوبەرگی ناشەرعی  بەڵكو بێرەوشتانەشیان لەبەرە، كە جاری وەها هەیە دەگاتە ئاستی نیمچە ڕووتی؟

لەوەڵامدا نووسینگەی سیاستانی سەیركردنی ئەو جۆرە درامایانە بەحەرام دەزانێت، كە ئارەزووی مرۆڤ دەجوڵێنن و مەترسی هەیە مرۆڤ بخەنە ناو گوناهــ و تاوانەوە ، دەشڵێت: پیویستە زۆر وریابین لە هەموو ئەو شتانەی دەخرێنە سەر شاشەكانی تەلەفزیۆن و كەناڵە ئاسمانییەكان ، بەتایبەت سەرۆك خێزانەكان دەبێت بزانن چی شتێك بۆ دونیا و دوارۆژی منداڵەكانیان باشە ئەوەیان بۆ هەڵبژێرن ، هەر شتێكیش بزانرێت سرووشتی پاكیان پیس دەكات لێیان دوور بخرێتەوە.

رۆژی یەكشەممەی رابردووش ، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق داوای لە سەرجەم كەناڵە ئاسمانییەكان كرد، كە هەموو ئەو بەرنامانەی بێرێزییان بەرانبەر بە مانگی رەمەزان رایانبگرن تێدایە.

دەستەكە لە بەیاننامەكەدا رایگەیاندبوو، تێبینیكراوە بەرنامەی هەندێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا لەچوارچێوەی ڕێزگرتنی ئەو مانگە دەرچوون و پێشێلی گەلێك لە ڕێنماییەكانی پەخشی میدیایی و ڕێسا ئاكارییەكانیان كردووە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی