وردەكاری رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بۆ پێناسەی گورمرگی

عیراق

14/05/2019‌ 1246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەردوو حكومەتی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان لەسەر پێناسەی گومرگی رێككەوتوون، كە رێككەوتنەكەیان لەكۆنووسێكدا بە 27 خاڵ واژووكردووە.

بەپێی كۆنووسەكە، پاڵپشت بە هەردوو فرمانی كارگێڕێمان ژمارە 38078 لە 31/10/2018 و 38469 لە 4/11/2018  ، كە لەلایەن ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران/ فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی/ كاروباری داراییەوە دەرچوون، لیژنەی تایبەت بە یەكخستنی ڕێوشوێنە گومرگییەكان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفت و ئاستەنگەكانی یەكخستنی كار لە هەموو دەروازە سنورییەكانی كۆماری عێراق لە هەرێمی كوردستان/ پارێزگای هەولێر، دوای تەماشاكردنی سەرجەم یاسا و بڕیار و ڕێنماییە كارپێكراوەكان و گفتوگۆ تێر و تەسەلەكان سەبارت بە ڕێوشوێنە گومرگییە كارپێكراوەكانی حكومەتی ئیتحادی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم ڕاسپاردانەی خوارەوەی لێكەوتنەوە:
1.پابەندبوونی بنكە گومرگییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پراكتیزەكردنی بڕیاری ژمارە (215) ی ساڵی 2009 ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی تایبەت بە دیاریكردنی ساڵەكانی هاتنەناوەی ئۆتۆمبێلەكان.

2.هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی ئیتحادی و حكومەتی هەرێی كوردستان بە هەماهەنگی یەكتری، ڕۆژنامەیەكی كشتوكاڵی یەكگرتوو دەردەكەن.

3.وەزارەتی كشتوكاڵی ئیتحادی هەڵدەستێت بە پێداچوونەوەی بڕیارەكانی تایبەت بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەروبوومە كشتوكاڵی و سەوزەمەنییەكان و ڕووەكەكان و شەتڵەكان لە هەندێك دەوڵەتی دەوروبەر و جیهانەوە.

4.یەكخستنی ڕێوشوێنەكانی هێنانه ‌ناوەوەی گومرگی كاتی و كاركردن بە یاسای كومرگی و ئەو ڕێنماییانەی بە گوێرەی یاساكە دەرچووەك، هەروەها بە ڕەزامەندی كەرتە‌ پەیوەندیدارەكان (الجهات القگاعیە).

5.هەماهەنگی ڕاستەوخۆی نێوان دەستە گشتییەكانی گومرگی ئیتحادی و گومرگەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كاروباری گومرگی و بەكارهێنانی ناونیشانە ئەلەكترۆنییە فەرمییەكان بۆ ئاگاداركرنەوەكان و ئاڵوگۆڕكردنی پۆستە (مراسلات) حكومییەكان و پشتگیریكردنی ڕاستی و دروستی دەرچوونیان.

6.وەزارەتی بازرگانی/ كۆمپانیای گشتی پێشەنگا و خزمەتگوزاری بازرگانی عێراق، هەڵدەستێت بە كاركردن بە بەندە سەرەكییەكانی ئەو بەشانەی لە یاسایی تەعریفەی گومرگی ژمارە (22) ی ساڵی 2010 دا هاتوون.

7.هەڵوەشاندنەوە بنكە گومرگییەكانی سەر ڕێگەی ووشكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەو پارێزگا عێراقییانەی بە تەنیشت هەرێمی كوردستانەوەن ، چونكە بوونە ژینگەیەك بۆ تەشەنەكردنی دیاردەی گەندەڵی دارایی و كارگێری و  كۆنتڕۆڵكردنیشیان ئەستەمە بە هۆی نەبوونی ژێرخانی پێویست بۆ وەئەستۆگرتنی ئیڕسالییەكان و زیانگەیاندنیان بە شوفێری لۆرییەكان و هاوردەكراوەكان لە یەك كاتدا.

8.هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیاری ژمارە (186) ئەنجومەنی وەزیران كە پشتی بە بنەمای نەخشەكێشانی بڕدراو (الترسیم المقگوع)  بەستووە لە سەر بنەمای قەبارەی حاویەكان كە بە پێچەوانەی یاسایی گومرگی و یاسای تەعریفەی گومرگییەكانەوەن، هەروەها سەرپێچی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ژمارە (393) ی ساڵی 2017 یە.

9.دەركردنی بڕیارێك لە ئەنجومەنی وەزیران بە سەپاندنی مزەی (رسم) (5%)  بەسەر توتن و جگەرە و خواردنەوە كحولییەكان كە ڕەوانەی وەزراەتی تەندروستی/نەخۆشخانە و بنكە پزیشكییە تایبەتمەندەكان دەكرێن كە تایبەتن بە چارەسەركردنی لووە شێرپەنجەییەكان.

10. دەبێت دەستەی گشتی گومرگی / بەشی پلاندانان  بە هۆی ئامارەكانەوە، ئاماری پێویستیان پێبدرێت سەبارەت بەو كەلوپەل و كاڵا هاوردەكراوانەی‌ لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاتوونه ‌ناوەوە، ئەمەش بە ئامانجی یەكخستنی ئامارەكان و پێدانی زانیاری بە دەزگای پێوانەكردن و كۆنتڕۆڵی جۆری ، بەو شێوەیەی خزمەت بە بڕیارسازی ئابووری نیشتمانی و ئاڵوگۆڕكردنی لەگەڵ بنكە گومرگییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بە شیوەیەكی مانگانە.

11.دەبێت دەستەی گشتی گومرگییە ئیتحادییەكان ئەو چوراچێوە كارپێكراوانە‌ بگرنەبەر كە لە لایەن گومرگەكانی هەرێمی كوردستانەوە كاریان پێدەكرێت لە هاوردەكردنی زێڕ و كانزا گرانبەهاكان (خاو و ئامادەكراو)  لە ڕووی مزەی‌ (رسم) گومرگی و بەهای ئەو باجەی دەخرێتە سەریان.

12.پێكهێنانی لیژنەیەك لە پسپۆڕانی لە گومرگە‌ ئیتحادییەكان و گومرگەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بۆ لێكۆڵینەوەی دووبارە كارپێكردن بە پەڕینەوەی كاڵاكان (تڕانزێت) بە هۆی گرنگییانەوە لە پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و كەرتی نیشتمانی.

13.بەشداریپێكردنی نوێنەری تەكنیككاران و مافناسانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕی لە گومرگەكانی هەرێمی كوردستان لە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هەمواركردنەوەی یاسای گومرگی ژمارە (23)  ساڵی 1983 ی هەمواركراوی كارپێكراو.

14.بەركاربوونی یاسایی بودجەی گشتی دارایی‌ ئیتحادی لە گومرگەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە كاروباری گومرگییەوە هەیە.

15.بەركاربوونی یاسایی وەبەرهێنانی ژمارە (13) ی ساڵی 2006 ی هەمواركراو،  وە پراكتیزەكردنی ئەوەی پەیوەستە بە كاروباری گومرگی له لایەن گومرگەكانی‌ هەرێمی كوردستانەوە، وە پراكتیزەكردنی یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانی ژماری (4) ی ساڵی 2006  لە لایەن دەستەی گشتی گومرگی ئیتحادی لەوەی پەیوەستە  بە هەرێمی كوردستانەوە.

16.بەكارهێنانی دراوی دۆلاری ئەمریكی وەك بنەمایەكی سەرەكی بۆ هەژماركردنی مزە (رسم) گومرگییەكان، وە بەرامبەركردنی (استیفا‌و) بە دیناری عێراق لە هەموو دەروازە سنوورییە ئیتحادییەكان، وە دیاریكردنی نرخی دۆلار بە گوێرەی بانكی مەركەزی عێراقی ، وە دیاریكردنی دواتری ئەو بنكە گومرگییانەی لەمە بەدەركراون.

17.پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا  بە سەرۆكایەتی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامیەتی دوو یاساناسی خاوەن ئەزموون لە دەستەی گشتی گومرگییە ئیتحادییەكان و گومرگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایەك بۆ ڕێكخستنی پەیوەندی و پسپۆڕییە هاوبەشەكانی نێوانیان بە گوێرەی بەندی 114 ی دەستوری كۆماری عێراقی ساڵی 2005،  هەروەها دەبێت تاوتوێی پەیكەربەندی ڕێكخستن و ئاستی نوێنەرایەتی كارگێڕی بكرێت.

18.‌كاركردن بە بەیاننامەیەكی گومرگی یەكگرتووە (ڕێپێدانی گومرگی كە بە رهەردو زمانی عەرە‌بی و كوردی دەرچێت) بە پشتبەستن بە بەندی (55)  لە یاسایی گومرگی ژمارە (23) ی ساڵی 1983 ی بەركار.

19.بەشداریپێكردن بە نوێنەرانی گومرگی هەرێمی كوردستان لە كەسانی شارەزا لە كاتی ئامادەكردن یان هەمواركردنەوەی هەر ڕێنمایی یان بڕیار یان ڕیكخستنێكی (چوابگ)  تایبەت بە كاروباری گومرگی كە نوێنەریان تیایدا بەشدار بێت و بەشداری سەرجەم كۆبوونەوە و چالاكی و كۆنگرەكانی ناوەوە و دەرەوەی عێراق بكات.

20.ئاراستەكردنی سەرجەم وەزارەت و لایەنی كەرتەیی (قگاعی)  پەیوەندیدار بە هەمواركردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامە  و مۆر  و كارپێكردنیان بە هەردوو زمانی  عەرەبی و كوردی بە گوێرەی حوكمەكانی بەندی (4) ی دەستور : مۆڵەتی هاوردەكردن، ، بەیاننامەی گومرگی، بەیاننامەی بارەكان ((حمولەی مەنەفێست)، پسولەی دیكە، بڕوانامەی چوونییەكی (موتابەقه).

21.پێكهێنانی لیژنەیەك لە دەستەی گشتی گومرگی ئیتحادی بە ئەندامێتی دوو فەرمانبەری شارەزا لە لە گومرگی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئامادەكردنی پەرتووكێكی ڕێنمایكار  بۆ یەكخستنی لیستی ئەو ماددانەی قەدەغە و كۆت و بەندكراون  و ئەو ماددانەش كە لە مزەی (رسم) گومرگی بەخشراون بە گوێرەی یاسا و بڕیار و ڕێنماییه بەركارە‌كان ، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەبێت ئەم ڕێنماییانەش لە هەموو دەروازە ئیتحادییەكان كاریان پێ بكریت.

22.پێكهێنانی لیژنەیەك لە دەستەی گشتی گومرگ بە ئەندامێتی فەرمانبەرانی شارەزا‌ لە گومرگی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چاو‌خشاندنەوە بە هەمواركردنەوەی ڕێژەی ئەو مزە گومرگییانەی بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (393) ی ساڵی 2017 سەپێنراون، پێویستە ئەو سكاڵایانەش لەبەرچاو بگیرێن كە هاودەمی پراكتیزەكردنی بڕیارەكە بوون.

23.چاوخشاندنەوە بە بڕیارەكانی پاراستنی بەرهەمە نیشتمانییەكان كە بە گوێرەی یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی ژمارە (11) ی ساڵی 2010 دەرچووە، هەماهەنگیكردنیش لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێمی كوردستان پێش ئەوەی لە ئایندەدا بڕیاری هاوشێوەی ئەو بڕیارانە دەرچن.

24.هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بەخشینی مزە گومرگییەكان كە لە یاسای گومركی ژمارە (23) ی ساڵی 1984 ی بەركاردا ناویان نەهاتووە، وابەستەبوونیش بە پراكتیزەكردنی ئەو بەخشراوانەی باسیان لێوەكراوە بە گوێرەی یاسا بەركارەكان بە پێی بەندی (80/یەكەم) ی یاساكە.

25.ئەو لیژنەیەی بە پێی فرمانی وەزاری ژمارە (919/9484)  لە 11/3/2018 پێكهاتووە، هەڵدەستێت بە تەواوكردنی ڕێوشوینەكانی یەكخستنی نرخەكانی‌ (الاقیام)  هاوردەكردن لە ماوەیەك كە لە 30/11/2018 ‌تێپەڕ نەكات.

26.ئاراستەكردنی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان بە وەستاندنی كاركردن بە بڕیاری دەسەڵاتی هاوپەیمانی كاتی هەڵوەشاوی پێشووی ژمارە (38) ی 2004 ، وە پراكتیزەكردنی یاسای تەعریفەی گومرگی ژمارە (22) ی ساڵی 2010  وە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (393) ی ساڵی 2017 ، وەپێویستە لە كاتی هەر هەمواركردنەوەیەكدا سەبارەت بە مزە گومرگییەكان لە ئایندەدا هەماهەنگی لەگەڵ گومرگەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

27.ڕێگەپێدان بە دەستەی گشتی گومرگی ئیتحادی بە ناردنی تیمەكانی پشكنین و چاودێری.

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر