هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا یاری لەگەڵ "هەڵۆكانی ئێران" دەكەن

جیهان

14/05/2019‌ 7855 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەژێر ئەم ناونیشانە، ئیگۆر سبۆتین لە "نیزافیسیمایا غازیتا" لە بارەی گردكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لەسەر سنووری ئێران نووسیوویەتی، ئەگەری ئەوە هەیە، ئەوە رق‌و توندی ئێران زیاتر بكەن.

لە وتارەكەدا هاتووە ، كۆكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە نزیك سنوری ئێران، خزمەت بە توندڕەووەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات، چونكە هێزە خاوەن هەژموونە سەربازی و سیاسییەكەی ئێران، كە فەیلەقی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانییە، ئەوەی رەتكردووەتەوە هیچ جۆرە دانوستانێك لەگەڵ نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات، دەكرێت بە جۆرێك لە جۆرەكان، ئەمە پەیامێك بێت بۆ ئەو سەركردە سیاسییە ئێرانییانەی لە هەموو بارودۆخێكدا،‌ مەیل و ئارەزوویان بەلای دانوستانە لەگەڵ ئەمریكا دا. 

زۆر لە بارەی كەناڵەكانی پەیوەندی نێوان  واشنتۆن و تاران نازانرێت، تەنها مەزەندی ئەوە هەیە كە ((دبلۆماسیەتی سێبەر)) بوونی هەبێت كە نوێنەرانی پێشووی ئیدارەكەی ئۆباما وویستیان لەو ڕێگەیەوە بەردەوامی بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران بدەن.

لە ساڵی 2018 ، دوای ئەوەی تڕەمپ پۆستی سەرۆكایەتی وەرگرت، جۆن كیری لە پرۆگرامێكی ڕاستەوخۆیی ڕادیۆییدا ووتی كە 3 بۆ 4 كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران كردووە، ((دانیشتنەكان ئامانجیان ئەوە بوو بزانین ئێران تا چەند ئارەزووی ئەوە دەكات كار بۆ گۆڕینی دینامیكییەتی سیاسەتەكانی بكات بەرەو باشتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست))، كیری ئەوەشی ڕەتنەكردووە كە جارێكیان داوای لە ئێرانییەكان كردووە دۆخەكە بەرە و هەڵكشان نەبەن و چاوەڕێی هاتنەسەركاری دووبارەی سەرۆكێكی دیموكراتەكانبن.

هەر لەو بارەشەوە، نیكۆلای كۆجانۆڤی مامۆستا لە زانكۆی قەتەر بۆ "نیزافیسیمایا غازیتا" ووتی: (( زیادكردنی هێزی سەربازی ئەمریكا لە نزیك سنورەكانی ئێران، بۆ زیادكردنی فشارە دەروونییەكانە لەسەر دامەزراوەی سیاسی ئێرانی،  نیشاندانی ئەوەشە كە نیازەكانی ئەریكا هەر قسە نین. لە هان كاتیشدا ، لەوانەیە ئەو هەنگاوانە ئەنجامی پێچەوانە بدەن بە دەستەوە لەوەی واشنتۆن چاوەڕێی دەكات بۆ چارەسەركردنی پرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران و دۆخی ئایندەی سەودا و مامەڵە ئەتۆمییەكە. جا لە بری ئەوەی وا لە ئێران بكەن ئارەزووی زیاتری دانستان بكات، بەم كارەیان هەڵوێست و پێگەی ئەو هێزانە بەهێزتر دەكەن كە لەناو ئێراندا دژ بە دانوستانن، بونی ئەو هێزە گەورەی ئەمریكاش لە ناچەكە دەكەنە پاساوێك كە دانوستان لەگەڵ ئەمریكادا هیچ سوودێكی نییە)).

سەرچاوە: RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر