یەکێتی ئەوروپا لەبەردەم شەپۆلی ڕاستەڕەویدا

جیهان

15/05/2019‌ 1157 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماتیۆ سالڤینی وەزیری ناوخۆی ئیتالیا دەیەوێت هێزه ڕاستڕەوەکان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا یەکبخات بەڵام پێناچێت ئەو کارەی هەروا ئاسان بۆ بچێتە سەر.

ماتیۆ لە پلانێکی سەرشێتانەیدا بەنیازە پاش هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا کە بڕیارە لە ۲۳-۲٦ی مانگی ئایار بەڕێوە بچێت زوربەی لایەنە ڕاڕاکان لە دراوی یۆرۆ و پارتە نەتەوەییە کۆنسێرڤەتیڤەکان لە بەرەیەکی فراواندا یەکبخات لەو ڕێیەوە دەیەوێت لەبری هەڵوەشاندنەوە لە هەناوی یەکێتی ئەوروپادا گۆڕانکاری ئەنجامبدات.

لە هێز و فیگەرە دیارەکانی وەک مارین لێ پێن(RN..گردبونەوەی نیشتمانی) فەرەنسیەوە بۆ(AfD..ئەلتەرناتیف بۆ ئەڵمانیا)و(FPÖ..پارتی ئازادیخوازانی نەمسا)و گێرت ڤیلدەر لە(PVV..پارتی ئازادیخوازان)ی هۆڵەندی کە پێکەوە دەیانەوێت(بەرەیەکی فراوانی نەتەوەیی)پێکبهێنن و فیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا و پارتەکەشی (Fiedesz)هەمان خواستیان هەیە بەڵام(ئۆربان)جارێ خۆی دوور ڕادەگرێ لانیکەم تا دوای هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا دەیەوێت لە ڕیزی(EVP..پارتە کریستیان دیموکراتەکانی ئەوروپا)بمێنێتەوە و دواتر لە ڕۆشنایی دەرەنجامەکاندا لە تەکتیکێکی فێڵبازانەدا ڕوو لەو بەرەیە بکات کە زۆرترین توانای سەپاندنی هەژمونی هەیە.

لە ڕاستیدا بەجێهێنانی ئەو پلانە بەبێ ئامادەبونی (ئۆربان)یش هەر ئەنجام دەدرێ چونکە ڕەوتە ڕاستڕەوەکان لە گەشەیەکی بەرچاودان و دەرەنجامی دوا ڕاپرسیەکان ڕێژەی هەڵکشانیان بۆ زیاتر لە۳۰٪ دەردەخات ئەوەش واتا زیادەی ۲٦ کورسی بەوەش ژمارەی کورسیەکانیان دەبێتە پێنج ئەوەندەی ژمارەی ئێستای کورسیەکانیان لە پەرلەمانی ئەوروپادا.

لە فەڕەنسا(لێ پێن)لە ململانێکی توندایە لەگەڵ(En Marche) پارتەکەی ئیمانۆیل ماکرۆنی سەرۆک وەزیران و ئەگەری هەیە کورسیەکانیان لە ۱٥کورسیەوە بۆ ۲۰کورسی زیادبکات و پارتی(ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا)ش لانیکەم بگاتە ۱۱ کورسی و گەر هەردوو پارتی بەریتانی دژە یەکێتی ئەوروپاش کە پارتی(UKip)و پارتەکەی نێگڵ فەرەگێس(Brexit-Party)ن بگەنە سەر شانۆکە مانای زیادبونی ۲۰کورسی تر و بە هەمانشێوە پارتە ڕاستڕەوەکانی ئیسپانیا و فنلەندا و سوید و بەلچیکا ودانیمارکیش هەر یەکەیان بە ۳ تا ٥ نوێنەرەوە بەڕێگاوەن.

ئامانجەکە تەنها ڕێکخستنی ماوە:
گەر ئەو هەموو پارتانە لە پارتی گەل و ڕاستڕەو و کریستیان کۆنسێرڤەتیڤەکان لەو بەرەیەدا  کۆببنەوە مانای گردبونەوەی ناسیۆنالیستەکان پێکەوە زیاتر لە ۱۸۰ کورسی لە کۆی ۷٥۱ کورسی پەرلەمانی ئەوروپا زامندەکەن، ئەوەش ۳۰کورسی زیاتر دەکات لەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ۲۰۱٤ بەدەستیانهێناوە و ئەمەش مانای ڕێژەی گەشەکردنیانانە لە ٥٪ وە بۆ۳۰٪ کە لەبەرامبەریاندا زۆرینەیەکی بەهێزی(دوو لەسەر سێ)ی پرۆ ئەوروپاییەکان ئامادەیە کە لە هێزە کریستیان دیموکراتەکان و لیبراڵەکان و سەوز و چەپەکان پێکدێت.

بەڵام ئەو کەمینە بەهێزە قودرەتی ئەوە دەدەنە ناحەزەکانی یەکێتی ئەوروپا کە جێپەنجەیان لەسەر کۆی پرۆسەی کاری پەرلەمانی ئەوروپا دابنێن و هەندێجار بایکۆتی بکەن و لە حاڵەتی بڕیارە گرنگەکانیشدا مانۆڕ و یاریەکی ووردبینانە ئەنجام بدەن و لە بەرایی هەڵسوڕانیشیانەوە  دەستەجەمعیانە دێنە پێشەوە و ئەوەش سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکەیە.

لە ئێستادا هێزە ناحەزەکانی  (یەکێتی ئەوروپا..EU)لە بروکسل زۆر ڕێکخراو نین و لە سێ فراکسیۆنی پەرلەمانیدا پەرتەوازەن و ئەوەش پەیوەندیدارە بە سروشتی سەروەریانەی سیاسەتەکانیانەوە  چونکە ئەولەویەتیان پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیانە و کاری دەستەجەمعی و کۆپرسە ئەوروپیەکان ڕەتدەکەنەوە و هەندێجار جیاوازیەکانی نێوانیان جەوهەرین و هەندێجاریش جیاوازی زۆر گەورەتر سەرهەڵدەدات.
بۆ نمونە پارتی فەرمانڕەوای پۆڵۆنیا(ماف و دادپەروەری)وەک گروپەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا نەدەبوو هیچ کارێکی هاوبەش لەگەڵ سیلڤانی ئەنجام بدات چونکە بەڕای ئەوان  پەیوەندیەکانی سیلڤانی لەگەڵ(ڤلادیمێر پۆتین)ی سەرۆکی ڕوسیا زۆر دوور ڕۆشتبوو.

بە هەمان شێوە پارتی(ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا..AfD)ناتوانن لەگەڵ سیاسەتی پارێزبەندی نەتەوەیی(لێ پین)ی تایبەت بەتێگەیشتنە ئابوریەکانی پەنجەنەرم بکەن و هاوکات سیاسەتی بەردەوامیی قەرزکردنی حوکمەتی ئیتالیا بە(سیاسەتێکی شێتانە)ناودەبەن و ڕەتیدەکەنەوە بە هەمان شێوەش سیاسەتی بارگرانی یەکبون و یەکڕیزی کە لەلایەن ڕاستڕەوەکانی ڕۆژئاوای ئەوروپاوە ڕەتدەکرێتەوە بەڵام لە لایەن ڕاستڕەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە پشتیوانی لێدەکرێت.

لە بارەی سیاسەتی پەنابەرانیش لەمەڕ پاڵنەرە سەرەکیەکانی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لە هەمبەر ئەو پرسە دیسان یەکدەنگ و هاوڕانین:سیلڤانی پێداگری لەوە دەکات کە ئەو پەنابەرانەی لە ئیتالیا بە ناچاری دەگیرسێنەوە دابەش بکرێن بەسەر ووڵاتەکانی تردا بەڵام ئەوانی تر بە توندی ئەوە ڕەتدەکەنەوە.

بچوکترین کایەی هەماهەنگی:
وەک سەرۆکی AfD یۆرگ مۆیتن دەڵێت"بڕێکی پێویست لە هەماهەنگی  و پێکەوەکارکردن هەبووە"کە بەردەوامیی فراکسیۆنەکانی زامنکردوە لەوێدا کە مایەی سەرسوڕمان نیە"گەشەکردن بە ئاڕاستەی یەکگرتنی نەتەوەکان و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی)ڕەتدەکەنەوە و زۆرێک لەو پارتانە پشتیوانی لە دامەزراوەی بروکسل دەکەن.
وەک یۆرگ مۆیتن دەڵێ"ئەوە مەسەلە بنەڕەتیەکەیە و لەوەش بەولاوەتر  لەپەرلەمانی ئەوروپا گرنگ نیە کە پەرلەمانتارەکان لە چوارچێوەی فراکسیۆنێکدا دەنگبدەن کاتێک کە"مەسەلە بنەڕەتیەکان"پێشتر دەنگیان لەسەردراوە و یەکلاکراونەتەوە،بەو مانایەی ڕەتکردنەوەی یەکێتی ئەوروپا بچوکترین خاڵی ناوکۆییانە.

لە لایەنی پراکتیکیەوە لەمیانەی هەڵسەنگاندنی ئاکاری دەنگدانی فراکسیۆنی(ئەوروپا بۆ ئازادی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ..FEDD)کە لە هۆڵی پەرلەماندا لە  تەنیشت (AfD)و(Brexit-Ultra)دا دەنیشن دەرکەوتوە کە ناسیۆنالیستەکانی‌ یەکێتی ئەوروپا بەڕێژەی تەنها ٤۷٪ لە دەنگدانەکاندا بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەنگیانداوە بەڵام لە بەرامبەردا پارتی سەوز و کۆنسێرڤەتیڤەکان و سۆشیال دیموکراتەکان ڕێژەی یەکڕیزی لە نێوانیاندا دەگاتە ۹۲٪ بۆ ۹٥٪ .
لەو بارەیەوە (ماری لێ پین)بیروڕای خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت "پرۆژەکەمان پرۆژەی ئازادیە،هەر یەکێکمان دەبێت ڕێز لە ئازادی ئەویتر بگرین،ئەویتر چی ئەوێت ئەوە بکات،و بەوەش  کەمترین کێشە و ململانێ سەرهەڵدەدات".

ئەمەش بەو جۆرەیە مرۆڤ کەمتر خۆی لە قەرەی گفتوگۆی ناودژی فراکسیۆنە نەتەوەییەکان بدات تاکو ووزەی"گۆڕینی ئەوروپا لە ناوەوە"پەی پێنەبرێت.

سەرچاوە:AZ..شیکاری/ریمۆ هێس
وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە: بەرزان حەمەخورشید

بەپەلە