شارپرێس:
سارە عیدانی تەمەن ٢٩ ساڵ و شاجوانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٧، ڕێگە نادات هیچ پۆستێكی دوژمنكارانە لەسەر ئیسرائیل لە هەژمارەكەی ئەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوبكرێتەوە ، ئەوە جگە لەوەی هێرش دەكاتە سەر بزووتنەوەی حەماس و بە رێكخراوێكی تیرۆریستییان هەژمار دەكات.
سارە لەیەكێك لە تویتەكانیدا دەڵێت: میلیشیا تیرۆریستییەكانی حەماس دانیشتووانی غەززە وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنن و لەناوچەكانی نیشتەجێبوونی خەڵكەوە مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل دەكەن ، بۆیە كاتێك ئیسرائیل وەڵامیان دەداتەوە ، ئەوان وێنەی قوربانییەكان بڵاو دەكەنەوە تا لەوڕێگایەوە بانگەشە بۆ دۆزەكەیان بكەن ، كە ئەوە بەدەستهێنانی ئازادی نییە بەڵكو لەناوبردنی ئیسرائیلە.
لە تویتێكی تردا دەڵێت " ئەو خۆپیشاندەرانەی دەتوانن ٦٠٠ مووشەكیان دەست بكەوێت ، ئەوانە خۆپیشاندەر نین ".
ئەو شاجوانە عێراقییە چەندین تویتی تری كردووە تێیدا بەرگری لە ئیسرائیل دەكات بەوەی مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بكات ، دەشڵێت فەلەستینییەكانی كەرتی غەززە باجی هەڵەكانی حەماس دەدەن .
پێشتریش ئەو شاجوانەی عێراق بەگرتنی وێنە لەگەڵ پاڵێوراوی ئیسرائیل بۆ پێشبڕكێی شاجوانی گەردوون و دواتر سەردانیكردنی ئیسرائیل ، پەرچەكردارێكی توندی بەدوای خۆیداهێنا .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی