شارپرێس:
سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەكەنەوە، كە باس لەوە دەكەن لەڕێگای مووشەكی كاتیۆشاوە هێرش كراوەتە سەر یەكێك لە بنكەسەربازییە ئەمەریكییەكان لەنزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
سەرچاوەكان باسیان لەوەش كردووە، ڕەوشی ئەمنی بەغدا جێگیرە و هێلیكۆپتەرە ئەمەریكییەكان بەشێوەیەكی سرووشتی بەنزیك باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا دەسووڕێنەوە .
لای خۆیشییەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوە كردووە، كە پەیوەندی بەهەردوو لایەنی ناكۆكی ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانەوە كردووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەر نێوەندگیرییەك ئەگەر هەردوولا رەزامەند بن .
ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای كرد، كە فەرمانبەرە ناپێویستەكانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بەهۆی بوونی هەڕەشەی نزیك و گریمانكراو لەدژی هێزە ئەمەریكییەكان ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن .
پێشتریش مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی لە بوونی هەڕەشەی ئێرانییەكان كردبوو، كە رایگەیاندبوو، واشنتۆن نایەوێت لەگەڵ ئێران بكەوێتە جەنگەوە ، بەڵام بۆ هەر هێرشێكی ئێران وەڵامی گونجاویان دەبێت" .
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان هۆشدارییەكی توندی ئاراستەی ئێران كرد و رایگەیاند، هەڵەیەكی گەورە دەكەن ئەگەر بێت و هیچ جوڵەیەك دژ بە وڵاتە یەكگرتووەكان بكەن .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی