دادوەر بڕیاری راگرتنی شاسوار عەبدولواحید دەدات

کوردستان

16/05/2019‌ 1172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چووە بەردەم دادگا، ئەوەش دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.

شاسوار عەبدولواحید ئەمڕۆ پێنج شەممە چووە بەردەم دادوەرو بەقسەی پارێزەرەكەی دوای وەرگرتنی لێدوان لێی دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری راگرتنی داوە، بەبێ‌ ئەوەی وادەی راگرتنەكەی ئاشكرابكرێت.

لەپێش چوونە بەردەم دادوەر، شاسوار عەبدولواحید لەپەیامێك رایگەیاند "ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەك چۆن پێشتر چووینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەكردووەتەوە".

شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، ئەمەی ئێمە و هاوڕێكانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەكانمانە، نەك باجی هەڵە! زۆرێك هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئازادانە دەسوڕێنەوە لەم وڵاتەدا".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ئێمەش ئاسان بوو توشی ئەمانە نەبوینایە، ئاسان بوو بێ هەڵوێست بوینایە، ئاسان بوو پشتمان بكردایەتە خەڵكی خۆمان و سەرمان كز كردایە، بەڵام ئەمەیان رێگا راستەكەیە".

شاسوار عەبدولواحید هەروەها روونكردووەتەوە، گۆڕانكاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، پشودرێژی و خاوەن ئیرادەیی دەوێت، ئەوە دەیباتەوە كە باوەڕی بە خۆی وقەزیەكەی خۆی هەیە.

شەوی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  دەركردو داوای لەهێزەكان كرد دەستگیری بكەن.

هـ ـ ح