تۆماركردنی بەرزترین چڕی دوانۆكسیدی كاربۆن لەماوەی سێ ملیۆن ساڵدا

جیهان

18/05/2019‌ 418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زاناكان تێبینیان كردووە، كە چڕی گازی دووەمۆكسیدی كاربۆن لە هەوادا گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی، بەجۆرێك دواجار ئەو چڕییە لە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لەهەوادا تۆمار كراوە سێ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا بووە ، كە ئەوكات دارستانەكان لەجەمسەری باكوور گەشەیان دەكرد و ئاستی ئاوی زەریاكانیش بەرز دەبوونەوە.

مەبەستیش لەو چڕییە ٤١٥،٢٦ بەشە لە ملیۆنێك، كە لە ١١ی مایسی ٢٠١٩ لە ماونا لوا لە هاوای تۆماركراوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ولفگانگ لۆچ لە پەیمانگای بۆتسدام بۆ گۆرانكارییەكانی كەشوهەوا وتوویەتی: ئەو چڕییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە مرۆڤ كار لەسەر پاراستنی كەشوهەوا ناكات ، چڕی دووەمۆكسیدی كاربۆنیش ساڵ بەساڵ بەرزتر دەبێتەوە.

بەقسەی زاناكان ، ئەو ژمارەیە تەنیا لەوكاتەوەی، كە لەساڵی پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە تۆمار دەكرێت ژمارەیەكی پێوانەیی نییە ، بەڵكو ئەو ئاستە لەگازی دووەمۆكسیدی كاربۆن تەنیا سێ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا هەبووە ، بەڵام ئەوكات كەشوهەوا لەئێستا گەرمتر بووە ، لەوكاتەدا دارستانەكانی جەمسەری باكوور گەشەیان دەكرد و ئاستی ئاوی دەریا و زەریاكانیش چەند میترێك لە هی ئێستا بەرزتر بوون .

بۆ یەكەمجار لەساڵی ٢٠١٣ چڕی گازی دووەمۆكسیدی كاربۆن گەیشتە ٤٠٠ بەش لە ملیۆنێك ،  لەساڵی ٢٠١٨ گەیشتە ٤١٠ بەش لە ملیۆنێك ، لەگەڵ ئەوەی بەدرێژایی ٨٠٠ هەزار ساڵی رابردوو چڕی ئەو گازە ٣٠٠ بەش بووە لە ملیۆنێك ، ئەو ژمارەیەش تاهاتنی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپا بەرز نەبۆوە  ، هەروەك لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو ٣٥٠ بەشی لە ملیۆنێك تێپەڕاند .

وەرگێڕان : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی