شاسوار عەبدولواحید چەند ئۆفەرێكی خستووەتە بەردەم بافێڵ تاڵەبانی‌و بەرهەم ساڵح

کوردستان

18/05/2019‌ 12618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیبراهیم عەباس یەكێك لەدامەزرێنەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەڵێت: دواكەوتنی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید پەیوەست بوو بەو "هەموو تەنازولات و ئۆفەرانەی ناوبراو بۆ سەركردە باڵاكانی یەكێتی پێشكەش كردو هیچیشیان فریای نەكەوتن، چونكە بێ متمانەیی گەیشتووەتە ئاستێك چیتر سەركردەكانی یەكێتی بەخۆیەوە نەگرن و ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن رەنگە لێرە بەدوا لەپەنای ئەو و ئەم سەركردەی یەكێتی نەتوانێت خەریكی لوعبەو لوعبەكاری بێت".

ئیبراهیم عەباس، كە دوای ماوەیەك لەدروستكردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەستی لەكاركێشایەوە، لەمیانی نووسینێك دەشڵێت: زانیاری وردو جێگای بڕوام لایە، كە "شاسوار عەبدولواحید كەسێك دەنێرێتە لای پافێڵ تاڵەبانی و ئۆفەری ئەوەی ئەخاتە بەردەست، ئامادەیە لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێت بەمەرجێك ستافی نووسینگەكەی كە لای ئاسایش دەستگیركراون ئازاد بكرێن و ئەو مەلەفە لەدادگا دابخرێت، ئەویش لەبەرامبەردا فراكسیۆنەكانی لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەڕلەمانی كوردستان هەڵئەوشێنێتەوە، پەڕلەمانتارەكانی نەوەی نوێ ئەخاتە خزمەتی یەكێتی و nrt هێورئەكاتەوە، بەڵام تاكە وەڵامی پاڤێڵ تاڵەبانی ئەوە بووە، لە بەردەرگای سەرا رێككەوتنی لەگەڵ ئیمزا ئەكات! ئەمەش وەكو وەڵامێك بۆ لێدوانەكەی شاسوار كە وتی كوڕانی تاڵەبانی وەكو مفەوز شەماڵ لە بەردەرگای سەرا هەڵئەواسرێن".

بەقسەی ئەو دامەزرێنەرەی نەوەی نوێ‌، ئۆفەرێكی تری شاسوار عەبدولواحید لەرێگای سروەی خوشكی بووە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، كە داوای كردووە "كاك بەرهەم ببینێت و لەگەڵیدا بەڵێنی ئەوە ئەدات، فراكسیوۆنی نەوەی نوێ و هەرچی چالاكی حزبیان هەیە لە بەغدا ئەیخەنە خزمەتی یەكێتی و كاك بەرهەم، بەڵام نە داوای بینینەكەی قبوڵ كراوەو نە داواكارییەكانیشی، وەڵامی راشكاوانەی كاك بەرهەم ئەوە بووە ئەو پرسە پەیوەندی بەدادگاو ئاسایشەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئەوەوە نییە".

هەر بەقسەی ناوبراو دوای هەوڵی شاسوار لەرێگای كەسێكی دەسترۆیشتووی ناو یەكێتی بووە، كە پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە، بەسروە عەبدولواحیدا هەموو موافەقەیەكی شاسوار بۆ سەركرەكانی یەكێتی نێردرواوە، تەنانەت سروە داوای كردووە گەر ئەوان متمانەیان بەشاسوار نییە ئامادەیە خۆی هەر جۆرە رێككەوتنێك یەكێتی بیەوێت بەناوی شاسوارەو ئیمزای ئەكات، تەنها لەو پێناوەی ئەو كەیسەی لەدەستی ئاسایش و دادگایە دابخرێت، بەڵام ئەوەش دادی نەداو سەرئەنجام و لەناچاریدا خۆی رادەستی ئاسایش كرد".

ئیبراهیم عەباس پرسیاری ئەوە دەكات، ئەو هەموو تەنازولە گەورەیە بۆچی لەشاسوار عەبدولواحیدەوە ئەكرێت و بۆچیش ئەو هەموو ئۆفەر ئەخاتە بەردەست سەركردەكانی یەكێتی، بەڵام با پرسیارەكە ئەوە بێت بەراست ئەو كوڕە نازدارەی سلێمانی كە دە ساڵە لە هیچەوە كراوەتە بزنسمان و سەرمایەدارو دواتریش سیاسی و خاوەن حیزب، بۆچی ئیتر كەس بەخۆیەوە ناگرێت و كەس بەرگری لێناكات؟! بەراست ئەم دۆخە تاكەی بەردەوام ئەبێت و ئایا سەرئەنجامیش خاترانە تێكەڵی كەیسە ناكرێت و باجی هەڵەو تومەتبەخشینەوە رێكخراوەكانی ئەدات؟!

هەروەها ئەوەش دەپرسێت: بەراست شاسوار عەبددولواحید بۆ بەتەنیا بەجێ ماو لە سرەوەی خوشكی بترازێت بۆچی كەسی بەدورەوە نەماو حزب و فراكسیۆنەكانی پشتیان لێكرد؟ ئەی بەراست بۆ نەپرسین پێشتر گەر رۆژنامەنووسێك ئەگیرا، بەسەدان رۆژنامەنووس و ئازادیخواز و دەزگای راگەیاندن بەرگریان لێ ئەكرد تا ئەو رادەی كەیسەكەی ئەبووە كەیسی خەڵك و رای گشتی؟ و بەم هۆیەوە كەسەكە ئازاد ئەكرا. ئەی خێرە بەرگرییەكی ئەوتۆ لە كاكە شاسواری خاوەنی nrt ناكرێت؟ هەرئەوەندەشنا زۆرن ئەو هاوڕێ و رۆژنامەنووسانەی لەسەر تومەت و ناوزڕاندن  سكاڵایان لەسەر شاسوار تۆمار كردووەو داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەكەن.

شاسوار عەبدولواحید لەلایەن پەرلەمانتارێكەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو لەئەنجامی لێكۆڵینەوەش دەركەوتووە، كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی تۆماری سێكسی لەچەند كەسێك كردووەو بەو هۆیەشەوە لەرۆژی پێنج شەممەی رابردووەوە دەستگیركراوە.

هـ ـ ح