سوپای عەرەبی سوریا ئەردۆغان‌و سوپای توركیا تەنگەتاو دەكات

جیهان

18/05/2019‌ 3707 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەژێر ناونیشانی "پوتین و ئەردۆغان جارێكی دیكەش سوریا بەش دەكەن"، ئەلكسەندەر شاركۆفسكی وتارێكی لە "نیزافیسیمایا غازیتا" نووسیووە، تێیدا تاوتوێی پرسی بەرەوپێشچوونی سوپای عەرە‌بی سوری كردووە لە دەوروبەری شاری ئیدلب، ئەمەش وایكردووە سەرۆكی توركیا پەیوەندی بە سەرۆكی ڕوسییەوە بكات.

ئەو لەوتارەكەدا دەڵێت: بە پێشدەستی ئەنقەرە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان فلادیمیر پوتین و ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا ئەنجامدراوە، تێیدا ئەردۆغان بە توندی هێرشی كردووەتەسەر دیمەشق، كە ئامانجی ئەسەد تێكدانی هاریكاری نێوان ڕوسیا و توركیایە لە شاری ئیدلب و زیانگەیاندن بە ڕێككەوتننامەی ئاستانا ‌، ووتیشی كە هەڵكشانی ڕووداوەكان لە ئیدلب: "هەڕەشە لە لیژنە دەستورییەكە دەكات و زیانیش بە یەكلاییكردنەوەی سیاسی دەگەیەنێت لە سوریا".

سەرۆكی توركیا لە قسەكانەیدا دۆخی سەخت و ناهەمواری ناوچەی ئیدلبی لەبەرچاو نەگرتووە، كە گەیشتووەتە ڕادەیەكی مەترسیدار. دوای ئەوەی سوپای عەرەبی سوری هەفتەی ڕابردوو،  توانی پێشكەوتنی بەرچاو لەو بەرەیە بەدەست بێنێت و بچێتە پێشەوە، گروپە چەكدارە ئیسلامییەكانی وەك دەستەی ڕزگاركردنی شام  و هی دیكەش كە ئەنقەرە پشتیوانیان لێدەكات، دژە هێرشێكیان ئەنجامدا بە ئاراستەی ڕێگای گشتی و باكو‌ری حەما. بەڵام دژە هێرشەكەیان شكستی هێنا.

بە گوێرەی جوڵە سەربازییەكانیش بێت، دەكرێت بڵێین لە ئایندەیەكی نزیكدا، سوپای عەرەبی سوری پلانی دا‌ڕشتووە بۆ وەدەرنانی تەواوی گروپە ئیسلامییەكان لە پارێزگای حەما. لەم دواییانەشدا دیمەشق دەستی بەسەر چەند ناوچەیەكی وەك "تەلهواش و هواش و جابریە" دا‌ گرت كە دەكەونە نزیك سنوری پارێزگای ئیدلب.

شارەزایان پێیان وایە ئازادكردنی تەواوی پاریزگای حەما لە بن دەستی گروپە ئیسلامییە چەكدارەكان، قۆناغی یەكەمی هێرشە بەرفراوانەكەی سوپای سوریاییە كە ئامانجی پاكتاوكردنی هەموو گروپە چەكدارەكانی ئیدلبە. ئەمەش واتای ئەوەیە سوپای توركیا خاڵەكانی چاودێری ئەو ناوچانەی هەڵگرتوونەوە. ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنیەی نێوان پۆتین و ئەردۆغانیش ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە مۆسكۆ و دیمەشق گەیشتونە ڕێككەوتنێكی تازە لە پرسی سوریادا كە هەردوولا پێی ڕازین.

سەرچاوە: RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر