پارتی: بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك هاتووەتە سەر هێڵ

عیراق

18/05/2019‌ 1487 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەرەبە ھاوردەكان جگە لە داگیركردنی زەویی كوردەكان، ئێستا دەستیان بە دروێنەی گەنمی جووتیاران كردووە و بارزانییش بە جیددی ھاتووەتە سەر هێڵ و كێشەكە بە تەواوی چارەسەر دەكات، ئەوەش بەقسەی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی.
 
نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند، "ھەر كاتێك عەرەب دەستەڵاتی ھەبووبێت، تەعریبی كردووە و بەردەوامیشن، ئێستاش لە سنووری كەركوك چونكە دەستەڵاتیان ھەیە، دوای داگیركردنی زەوییەكان، ھەنگاوێكی دیكەیان ناوە، كە ئەویش دروێنەی گەنمی جووتیارانی كوردە".
 
حەمەعەلی ئەوەشی راگەیاند، چەندین حیزبی كوردی لە كەركوك ھەن، كە ھیچیان بۆ ئەو جووتیارانە نەكردووە، بۆیە ھانایان بۆ سەرۆك بارزانی ھێناوە و بارزانییش بە جیددی لەسەر هێڵە و ناوەستێت تاوەكو لەگەڵ حكومەتی عێراقدا كێشەكە بە تەواوی چارەسەر نەكات، چونكە ئەو كێشەیە پێویستە لە ڕووی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە چارسەر بكرێت".
 
هەروەها رایگەیاند "بەھیچ شێوەیەك ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان قبووڵ ناكەین زەویی كوردەكان داگیر بكرێت و رێگری لێ دەكەین".

هـ ـ ح