جۆلانی بەهۆی پێشڕەوی سوپای سوریا هانا بۆ گرووپەكانی سەر بەتوركیا دەبات

جیهان

18/05/2019‌ 1459 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەبو محەمەد جۆلانی ڕێبەری دەستەی ئازادكردنی شام "بەرەی نوسرە"ی پێشوو ، كە بە باڵی قاعیدە لە سوریا دادەنرێت داوای لە گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا كرد، كە ئەوانیش لای خۆیانەوە بەرەی جەنگ لە دژی هێزە حكومییەكانی سوریا بكەنەوە.

جۆلانی لەچاوپێكەوتنێكیدا، كە لەگەڵ كۆمەڵێك رۆژنامەنووس ئەنجامیداوە دەڵێت "ئەو گرووپەكانی ناو قەڵغانی فورات  دەتوانن بارەكە لەسەرمان سووك بكەن ".

ئەو دەشڵێت: ئەوان لەچەندین بەرەوە لەگەڵ رژێم ڕووبەڕوون ، بۆیە كردنەوەی زیاتر لەبەرەیەك لە سوودی ئێمەدایە.

هێزەكانی سەر بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات كەلەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن ، دەستیان بەسەر ناوچەكانی گوندەواری باكووری حەلەبدا گرتووە كە لە جەرابلووسەوە درێژدەبێتەوە ، تا دەگاتە شاری عەفرین.

گرووپەكانی ناو هاوپەیمانی قەڵغانی فورات پێشتر شەریان لەگەڵ هێزەكانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد دەكرد ، بەڵام لەم كۆتاییانەدا بەپشتیوانی توركیا كاریان تەنیا لەشەركردن لەگەڵ هێزە كوردییەكان كورت بۆتەوە .
هەرچی بەرەی نوسرەیە ،كە ناوی لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەكاندایە  ، لەگەڵ چەند گرووپێكی توندڕەوی تردا دەستیان بەسەر ئیدلب و گوندەواری حەلەبی رۆژئاوادا باكووری حەما و باكووری رۆژهەڵاتی لازیقییەدا گرتووە.

لەسەرەتای مانگی نیسانەوە گوندەواری باشووری ئیدلب و باكوری حەما كەوتوونەتە بەر بۆردۆمانێكی چڕی فرۆكە رووسی و سورییەكان ، سەرەرای ئەوەی ناوچەكە دەكەوێتە چوارچێوەی ڕێكەوتننامەی رووسی-توركی كەبەپێی ئەوە ناوچەیەكی لەچەكداماڵراو لەنێوان هێزە حكوومییەكان و گرووپە چەكدارەكان درووست دەكرێت .

بەپێی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆكاروباری مرۆیی ، ئەو گرژیانە بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٨٠هەزار  كەس ، هەروەك ژمارەی ئەو خەڵكە مەدەنی و لاشەڕەی بەهۆی بۆردوومانەكانەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە ١٥٠ كەس كە ٣٠ یان منداڵن .

هێزەكانی حكوومەتی دیمەشق توانیویانە لە گوندەواری باكووری حەما پێشڕەوی بكەن ، بەجۆرێك دەستیان بەسەر ژمارەیەك گوند و شارۆچكەدا گرتووە .

چەندین راپۆرتی هەواڵگری باس لەوە دەكەن كە توركیا و قەتەر بەشێوەیەكی راستەوخۆ یارمەتی بەرەی نوسرە دەدەن ، كە  بە باڵی قاعیدە لە شام دادەنرێت ،ئەوە جگە لە بوونی چەندین بەڵگەی سەلمینراو بۆ پستیوانیكردنی داعش،  ئەوەش مشتومڕیكی زۆری لەسەر ئەو رۆڵەی هەریەك لە توركیا و قەتەر لەڕێگای ئەو گرووپە توندرەو و تیرۆریستیانە لە سوریا دەیگێڕن ناوەتەوە كە بۆتە هۆی ئاڵۆزكردنی رەوسی سوریا و ژیانی خەڵكی مەدەنی ئەو وڵاتەی وەك دۆزەخ لێكردووە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی