بەرپرسانی سەربازی ئەمریكی: هیچ پلانێك بۆ هێرشكردنە سەر ئێران نییە

جیهان

18/05/2019‌ 225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكە گرژییەكانی نێوان ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا روو لەهەڵكشانە و ئەو دوو وڵاتە لێدوانی توند دژی یەكتر دەدەن ، بەڵام سێ بەرپرسی سەربازی ئەمەریكی دەڵێن هیچ پلانێك لەگۆڕێدا نییە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران .

ئەو سێ بەرپرسە سەربازییە ئەمەریكاییە بە گۆڤاری "تایم"یان راگەیاندووە، هیچ پلانێكی كرداری شایانی جێبەجێكردن بێت ، یان شتێكی لەوجۆرە بۆ بڵاوپێكردنی هێزێكی زۆر لە كەنداو لەئارادانییە.

گۆڤارە ئەمەریكییەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ئەو سێ بەرپرسە سەربازییە "ناویان نەهێنراوە"، بەشدارن لە نەخشەكێشانی هێزە سەربازییەكان و سەرپەرشتیكردنیان لە ناوچەكە .

یەكێك لەو ئەفسەرە پایە بڵندانە، كە گۆڤارەكە قسەی لەگەڵ كردووە دەڵێت: كارەكە پێویستی بەوە هەیە بزانرێت ئەو ڕەوشە لەكاناكاوە كامەیە، كە دەبێت بەرپەرچی بدەینەوە"، بۆیە پرسیار دەكات، ئایا ئەوە هێزی تایبەتی ئێرانییە یان میلیشیان ؟ ئایا هیچ بەڵگەیەك هەیە بیسەلمێنێت كە ئەو هێرشە پەیوەندی بە حكوومەتی ئیرانەوە هەیە؟.

بەپێی قسەی ئەو سێ بەرپرسە سەربازییە جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا داوای كردووە پلانێك دابنرێت بۆ رەوانەكردنی هێزی زیاتری وشكانی و ئاسمانی ئەمەریكی بۆ ناوچەی كەنداوی فارسی .

لە رۆژی ٩ی مایس پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمەریكا بەوەكالەت و ژمارەیەك بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا پلانێكی سەرەتاییان خستە بەردەم دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ بڵاوەپیكردنی نزیكەی ١٢٠ هەزار سەرباز لە ناوچەكە ، كە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز یەكەم لایەن بوو ئەو پلانەی ئاشكرا كرد.

گۆڤاری تایم بڵاویشیكردەوە، هەر پرۆسەیەكی بڵاوەپێكردنی هێز ، تەنانەت بۆ هێزێكی سنوورداریش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشەیەكی جێمتمانە پێویستی بە ئەوەی پێیدەگوترێت " لیستی بڵاوەپێكردن" هەیە كە چەندین وردەكاری لەخۆدەگرێت .

یەكێك لەو بەرپرسە سەربازییانە دەڵێت هەر هێرشێك بۆسەر ئێران پیویستی بە تێكەڵەیەكە لە هێرشی ئاسمانی بەبەكارهێنانی تەقەمەنی ئاراستەكراو بەوردی ، ئەوە سەرباری هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ ئفلیجكردنی تۆرەكانی كارەبا و بۆڕییەكانی گواستنەوەی نەوت و پەیوەندییەكان و سیستەمی دارایی وڵات .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی