شارپرێس:
كەمخەوی یەكێكە لە كإشە بەرباوەكانی ئێستای خەڵك لە سەرانسەری جیهاندا ، كە هۆكارەكانی لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر و لە ژینگەیەكەوە بۆ ژینگەیەكی تر دەگۆڕێت .
بەربڵاوی ئەو گرفتە وای لە كۆمەڵێك پزیشك و شارەزای بواری خەو كردووە، كە كۆمەڵێك ڕێگا و شیواز پێشنیاز بكەن یارمەتی خەوتن دەدەن .
بۆ ئەم مەبەستەش سوپای ئەمەریكا ڕێگایەكی پێشخستووە، كە بەكەمترین هەنگاو وادەكات خەوت دەستبكەوێت ، بەگوێرەی پێگەی "mujerhoy" ، ٩٦% ی ئەو فرۆكەوانانەی لەماوەی ٦ هەفتەدا خراونەتە ژێر ڕاهێنان ، سوودیان لەو ڕێگایە بینیوە.
ئەو ڕێگایە ٦ قۆناغە ، هەنگاوی یەكەم بەوە دەستپێدەكات بێیتە سەر رۆخی قەرەوێڵەكەت و مۆبایلەكەت بێدەنگ بكەیت ،پاشان گڵۆپی نزیك سەرجێگاكەت بكوژێنیتەوە.
قۆناغی دووەم بەوە دەبێت، كە هەندێك راهێنان بۆ خاوكردنەوەی ماسولكەكانی دەمو چاو بكەیت ، وەك پێكەنین .
هەرچی قۆناغی سێیەمە ئەوە بە خاوكردنەوە و درێژكردنی هەردوو دەستە بۆ خوارەوە .
لە قۆناغی چوارەمدا هەناسەیەكی قووڵ هەڵبكێشە و بەردەوام بە لەوەی بیر و هۆشت لای خاوكردنەوەی ماسولكەی قاچت بێت كاتێك پاڵدەكەوی.
هەرچی قۆناغی پێنجەمە ئەوە هەوڵ بدە بۆماوەی ١٠ چركە بیر لەهیچ مەكەرەوە ، تا هەستدەكەیت هەموو جەستەت چووەتە قۆناغی خاوبوونەوە.
لە قۆناغی شەشەم و كۆتایی دەبێت هەوڵ بدەی تەنیا بیر لە دوو حاڵەت بكەیتەوە ، یەكەمیان وابیربكەیەوە تۆ لەناو بەلەمێكدایت و لەناوەراستی دەریاچەیەكدایە و سەیری ئاسمان دەكەی ، دووەمیان وابزانی وەك ئەوەی لەناو جۆلانەیەكدایت و بەهێواشی رادەژێنرێی.
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی