دۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە لێواری تەقینەوەدایە

عیراق

19/05/2019‌ 665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەتا دێت دۆخی كەركوك و خانەقین و ناوچە كێشەلەسەرەكان ڕوو لە ئاڵۆزبوونی زیاتر دەكات، بەرپرسانی كوردیش پێیانوایە دۆخی ئەو ناوچانە گەیشتۆتە لێواری تەقینەوە و چیتر "بەرگەی كوڵان"ی زیاتر ناگرێت.

فراكسیۆنە كوردییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێكدا كە رۆژی شەمە، ئاراستەی ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كردووە، هۆشداریان داوە لە كۆچی بە كۆمەڵی كوردان لەناوچە كێشەلەسەرەكان و بەتایبەت لەسنوری خانەقین ی پارێزگای دیالە.

شێركۆ میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە لێواری تەقینەوەیەكی گەورەدایە، دانیشتوانی ئەو ناوچانە چیتر توانای ئارام گرتنیان نەماوە."

پەرلەمانتارەكەی عێراق، ئاماژەی بەوەكرد لەرۆژانی ڕابردوودا 4 هاوڵاتی كورد لە خانەقین كوژراون و سەدان دۆنم زەوی كشتوكاڵیش سوتێنراون، وتی"دەبێت دامەزراوە فەرمیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بێنە خەت بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئەو ناوچانە."

لەراگەیەنراوی فراكسیۆنە كوردیەكانی نێو پەرلەمانی عێراق دا، باسلەوەكراوە بەبەردەوامی هەوڵی شێواندن و زیانپێگەیاندنی جوتیارانی كورد دەدرێت، بەو هۆیەوە زیاتر لە 40 هاوڵاتی و كارمەندی هێزە ئەمنیەكان "شەهید"كراون، هەروەها دەغڵ و دانی هاوڵاتیان دەسوتێنرێت و زەوی و زارەكانیان بۆمب رێژ دەكرێت، وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە"لەئێستادا هەمووان لە دۆخێكی ناهەمواردا دەژین و لەبەردەم مەترسی بەجێهێشتنی بەكۆمەڵی ناوچەكە و زەوی و زاری جوتیارانداین."

هاتنە خەتی پەرلەمانتارانی عێراق، لەكاتێكدایە جگە لە سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیارە كوردەكانی خانەقین، لەسنوری كەركوكیش دەغڵ ودانی ژمارەیەك جوتیار لەلایەن عەرەبەكانی ناوچەكەوە دروێنەكراوە و هەوڵی بەزۆر دەركردنی كوردەكان لەگوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەڕانیش دراوە.

شێركۆ میروەیس وتی"لەڕۆژانی داهاتوودا وەكو پەرلەمانتاران لەگەڵ سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق دا دادەنیشین و كێشەكان ڕووبەڕوو باس دەكەین."

تەنگ هەڵچنین بە كوردەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان گەیشتۆتە ئاستێك، كە جۆرێك لە یەكدەنگی لەنێوان فراكسیۆن و حیزبە كوردیەكاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارەكان دروستبووە.

هـ ـ ح