ئەردۆغان: نەك هەر ئێس-٤٠٠ بەڵكو ئێس٥٠٠یشمان دەوێت

جیهان

19/05/2019‌ 636 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند كە كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ لە رووسیا  بڕاوەتەوە و گەڕانەوەی بۆ نییە ، هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەش كەد كە وڵاتەكەی لە درووستكردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٥٠٠یش بەشداری دەكات .

ئەردۆغان لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆ لە ئیستەنبوڵ گوتی لێكۆڵینەوە تەكنیكییەكان كە لەلایەن وڵاتەكەمانەوە كراون دەركەوتووە كە هیچ كێشەیەك لە سازانی كاركردن لەنێوان سیستەمی ئێس -٤٠٠ و فرۆكەكانی جۆری ئێف-٣٥ دا نییە ، جەختیشی كردەوە كە توركیا زوو یان درەنگ فرۆكەی ئێف-٣٥ هەر وەردەگرێت .

ئەمە لەكاتێكدایە بەرپرسە ئەمەریكییەكان دەڵێن: ئەگەر توركیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ بكڕێت ، ئەوە گرفتێكی گەورە بۆ فرۆكەی شەبەحی جۆری ئێف-٣٥ درووست دەكات كە كۆمپانیای مارتن لۆكهیدی ئەمەریكی بەرهەمیان دەهێنێت .

ئەردۆغان وردەكاری تری لەسەر كاتی بەرهەمهێنانی سیستەمی ئێس-٥٠٠ باس نەكرد ، بەڵكو تەنیا گوتی كە دوای ئێس-٤٠٠ لەگەڵ رووسیا بەهاوبەشی سیستەمی مووشەكیی ئێس-٥٠٠ بەرهەمدەهێنین ".

سەبارەت بە ڕادەستكردنی ئێس-٤٠٠ ، ئەردۆغان دوپاتیكردەوە كە  لە مانگی تەمووز  ئەو سیستەمەیان بەدەست دەگات .

مامەڵەی كڕینی ئەو سیستەمە مووشەكییە رووسییە بۆتە هۆی درووستبوونی گرژی لەنێوان توركیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ، كە هەردوو وڵات ئەندامی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ن .

وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەڵێت مەترسی هەیە ئەو تەكنەلۆژیای لەناو سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ دا هەیە بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكانی ناو فرۆكە سەربازییەكانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی بەكاربهێنرێت ، ئەوەش وادەكات رووسیاش دەستی بەوزانیارییانە بگات.

ئەگەر هات و توركیا ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ رووسیا بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە ، ئەوە بەپێی یاسایەكی ئەمەریكی كە گەمارۆ دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی چەك لە رووسیا دەكڕن ، رەنگە توركیاش گەمارۆی بخرێتە سەر.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی