ئەردۆغان دەیەوێت سیناریۆی قەتەر لەئێرانیش دووبارە بكاتەوە

جیهان

19/05/2019‌ 2375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەچوارچێوەی هەوڵەكانی توركیا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران و یاریكردن لەسەر ژێی ناكۆكییەكانی وڵاتان ، توركیا خواستی خۆی پیشاندا بۆئەوەی بازرگان و وەبەرهێنە توركەكان بێنە ناو بازاڕی ئێران .

بۆیە باڵیۆزی توركیا لە تاران دەڵێت: وڵاتەكەمان خواستی ئەوەی هەیە بۆ پەرەپێدانی بازرگانی دوولایەنە بێتە ناو بازاڕی ئێران .

ئەو هەوڵەی توركیا هاوكاتە لەگەڵ لارەلارەی ئابووری ئێران، كە بەهۆی گەمارۆكانی واشنتۆنەوە گوشارێكی زۆری كەوتووەتە سەر.

پێشتر ئیدارەی ترامپ هۆشداری دابوو بە هەموو ئەو وڵاتانەی كە دەیانەوێت گەمارۆكانی سەر ئێران بشكێنن ئەوە رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە.

هەندێك لە چاودێرانی كاروباری توركیا دەڵێن ئەو هەوڵەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ناردنی پەیامێكی ناراستەوخۆیە بۆ واشنتۆن بەوەی دەبێت وڵاتەكەی وەك ژمارەیەكی قورس لە هاوكێشەكانی ناوچەكە هەژمار بكرێت .

بەڵام ژمارەیەكی تر دەڵێن ئەو ە هەنگاوێكی توركیا تاوەكو  سوود لەو گەمارۆیانە ببینێت كە خراوەتە سەر ئێران .

پێشتریش ئەنقەرە هەمان هەڵوێستی هەبوو كاتێك وڵاتانی هاوپەیمانی سعوودییە گەمارۆیان خستە سەر قەتەر  ، بەڵام توركیا پشتیوانی بۆ قەتەر راگەیاند و دەستی كرد بە ناردنی كاڵا و شمەكی توركی لەرێگای فرۆكەوە بۆ ئەو وڵاتە .

چاودێران دەڵێن توركیا هەمیشە بەدوای جێپێیەكی هەرێمیدا دەگەڕێت تە پێگەی توركیای لێ قایم بكات ، ئەگەر ئەوە بە هاوپەیمانیكردن بێت لەگەڵ گرووپە توندرەوەكانیش .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی