دایكی بەزیندوویی ناشتبووی.. سەگێك كۆرپەیەك لەمردن رزگاردەكات

جیهان

20/05/2019‌ 1713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەباكووری تایلاند سەگێك بەناوی "بینگ بونگ" منداڵێكی ساوا لەمردن رزگاردەكات، ئەوەش دوای ئەوەی دایكە هەرزەكارەكەی بەزیندوویی ناشتبووی.

بەگوێرەی راپۆرتە ناوخۆییەكان دایكە تەمەن ١٥ ساڵەكە، بۆ رزگاربوون لەكۆرپەكە، كە بەدرێژایی سكپڕییەكەی لە دایك و باوكی شاردبۆوە هەستاوە بەزیندەبەچاڵكردنی .

بینگ بونگ، كە تەمەنی شەش ساڵە  لەكێڵگەیەكی گوندی "بان نونگ خام" بە وەڕین و زەوی هەڵكۆڵین خەڵكی ئاگادار كردۆتەوە، خاوەنی سەگەكە دەڵێت قاچی منداڵە ساواكەمان بینی لەناو گڵەكەدا دەركەوت.

خەڵكی گوندەكە بەخێرایی منداڵە ساواكەیان گەیاندۆتە نەخۆشخانە ، لەوێش پزیشكەكان پاكیان كردۆتەوە و پشكنینیان بۆ كردووە ، دەركەوتووە كە ساواكە تەندرووستی زۆر باشە .

تۆمەتی پشتگوێخستنی منداڵە ساواكە و كوشتنی بەئەنقەست ئاراستەی دایكەكە كراوە ، ئەویش گوتوویەتی كە ئەو  كارەی لە ترسی دایك و باوكی كردووە ، تا نەزانن سكی پڕبووە.

ئەفسەری پۆلیسی ناوەندی پۆلیسی شوم فۆنگ بە رۆژنامەی بانكۆك پۆستی گوتووە لەبەرئەوەی ساواكە زۆر بە قوڵی ژێرخاك نەخراوە بۆیە نەخنكاوە ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە دایكەكە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكی دەروونیی و دایك و باوكیدایە .

ئەو دەشڵێت: دایكەكە ئێستا پەشیمانە لەو كارەی كردوویەتی ، راپۆرتەكانیش دەڵێن دایك و باوكی كچەكە بڕیاریانداوە منداڵی كچەكەیان بەخێو بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی