یەكێتی بەتوندی وەڵامی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت دەداتەوە

عیراق

20/05/2019‌ 2709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی وەڵامی ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی ڕۆژی 19/5/2019 ی ڕاكان سعید جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك دایەوەو رەتیكردەوە هاوبەشی‌و هەماهەنگی لەگەڵ ناوبراو هەبێت.
 
لەراگەیەنراوەكە هاتووە، یەكێتی هیچ جۆرە هاوبەشیەكی لەگەڵ ڕاكان سعید و حكومەتی خۆ جێیەتی پارێزگای كركوك نییە، بەڵام یەكێتی نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵكی پارێزگای كەركوك دەكات ، ئاساییە لە پەیوەندیدابێت لە گەڵ حكومەتی خۆجێیەتی بۆ رایكردنی كارو باری هاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان. هەروەها سەبارەت بەوەی خەڵكی گوندەكانی ناحیەی سەرگەڕان كەوا خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەنین و عەرەبە هاوردە كان خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەن ،بۆ ئەم بابەتە  ئێمە وەكو یەكێتی  سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما دەگرین  و بزانین كێ خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیە ، ئەوەی ڕاكان جبوری بە خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیان دەزانێ ئەمانە عەرەبی هاوردەن و ئەوەی شارەزاشبێت لە جوگرافیا دەزانێ سنوری نیشتەجێبوونی عەشیرەتی شەمەر لە كوێیە. (ی ن ك) بۆ چارە سەری كێشەكان دەستورو یاسا بە مەرجەعی یەكلاكەرەوە دەزانێت بۆ ئەم پرسەو تەواوی پرسە چارەسەر نەكراوەكانی ناوچە جێ ناكۆكەكان كەوا مادەی 140 ی دەستوری چوارچێوەی چارەسەریەتی .

هەروەها لەبارەی  ڕێكەوتنی یەكێتی لەگەڵ ڕاكان سعید وەكو پارێزگار بمینێتەوە تاكو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، مەڵبەندەكە رایگەیاندووە "ئەمە دوورە لە ڕاستی ،ئەمەی كراوە جێگری پارێزگار  بۆ پێكهاتەی عەرەب بێت ،كەواتە دیارە پارێزگار ی كەركوك  مافی كام پێكهاتەیە".

هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، سەبارەت بەم بابەتە چەند كەناڵێكی میدیاو سوشیال میدیا كەوتونەتە هەڵمەتێكی بێ بنەما لە بەرامبەر كەركوك و شێواندنی ڕاستیەكان.ئێمە دەپرسین كێ لە پشتی ئەم شێواندنەیە ، بێ گومان ئەوانەی كە بەشێك لە لیستی برایەتیان پەكخستوە بە بیانویش بێ بنەما،جگە لەوەی كە بونەتە هۆكار بۆ دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك ،لە هەمان كاتدا وایانكردووە كەوا ئەنجومەنی پارێزگاش سست ببێ  تەنانەت لە چاودێریكردنی كارو بارەكانی پارێزگار .هەروەها ئەوانەی لەهەولێر فرمێسكی تیمساحی بۆ كەركوك هەڵدەڕێژن دەبێ باش بزانن دۆخی كەركوك لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە سەقەتەكەی ئەوان هاتە كایەوە. لە كاتێكدا لە موێل و تەواوی شوێنەكانی تری عیراق بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی و ڕۆژانە دەست لەملانەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەكەن و هەوڵی ڕێكەوتنی ژێر بەژێر دەدەن تەنانەت لە گەڵ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت.دەبێ‌ ئەو راستیە باش بزانن ئەوان تاوانباری سەرەكین ،بۆیە بەپاساوی بێ بنەما ئەستۆپاكیان ناسەلمێنری".

ئەوەشی راگەیاندووە، بە پێویستی دەزانین هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار دكتۆر بەرهەم و  ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بەردەوام بن لە پاڵپشتی كردنی چارەسەری كێشەی جوتیاران و تەواوی كێشەكانی تری كەركوك.


رۆژی یەك شەممە راكان سەعید جبوری لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ پارتی نییە، بەڵام لەگەڵ یەكێتی پەیوەندییان هەیەو كاری هاوبەشیش دەكەن.

هـ ـ ح