ترامپ: ئێران لەناوچەكە ئاگری شەڕ خۆش دەكات بەڵام نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی

جیهان

20/05/2019‌ 659 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی بەڵێنیدا بەوەی، كە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ناوەكی ‌و رایگەیاند، ئێران دەمێكە سەرچاوەی كێشەكانی ناوجەكە بووە و بەدنەدەری ناكاۆكییەكانی ناوچەكەش تۆمەتباری كرد.

ترامپ باسی لەوەش كردووە، كە لەدوای ئەوەی لە كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ ، كە هاتووەتە كۆشكی سپی یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی پنتاگۆن بووە و راشیگەیاندووە جەنڕاڵەكان نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان خستە بەردەمم ، لە ١٤ بۆ ١٥ شوێن جگە لە شەڕ و كێشە هیچی تری تێدا نەبوو.

ترامپ هەروەها رایگەیاند، یەكێك لەو جێگا شڵەژاوانە بە هاندانی ئێران بووە ، كارەكە پەیوەندی هەیە بە سوپای ئێران و ئەو خەڵكانەی ئێران كۆمەكیان دەكات .

لە چاوپێكەوتنەكەدا ترامپ هێرشی كردە سەر باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەهۆی واژووكردنی ڕێكەوتننامەی ناوەكی لەساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران ، كە بە قسەی ترامپ بەهۆی ئەو رێكەوتنەوە زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار چۆتە ئێران .

ترامپ پێشیوابووە، كە ڕێكەوتنەكە ڕێگەخۆشكەر بووە لەبەردەم ئێران تا لەماوەی ٥ ساڵدا ببێتە خاوەن چەكی ناوەكی ، بۆیە دووبارە بڕیاری كشانەوە لە رێكەوتنەكەی بە بڕیارێكی درووست زانی .

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، كە ئایا ئەگەری جەنگ لەگەڵ ئێران لەگۆڕێدایە ترامپ رایگەیاند، هەموو ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە، كە ئەوان نەبنە خاوەن چەكی ناوەكی و نەتوانن هەڕەشەمان لێبكەن.

ترامپ باسی لەوەش كردووە، كە ئەو وەك خۆی دژی ئەوەیە لە هیچ جەنگێكەوە تێوە بگلێن، كە ئابووری وڵاتان وێران دەكات  و گیانی خەڵك دەباتەوە .

لە سەرەتای كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئاستی گرژییەكانی نێوان ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زۆر هەڵكشاوە ، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتۆن باسی لەوە كرد كە هەندێ ئاماژەی تێبینی كردووە كە رژیمی ئێران پلانی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكای هەیە .

ئەوەش پاڵی بە وڵاتە یەكگرتووەكانەوە نا، كە هێزێكی سەربازی زۆر بەئاراستەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بجوڵێنێت كە كەشتی فرۆكەهەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن و فرۆكەی مووشەكهاوێژی "بی ٥٢"شیان تێدا بوو .

واشنتۆن چەندین پەیامی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی تاران كرد بەوەی هەوڵ نەدەن پەلاماری بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن یان هاوپەیمانەكانی واشنتۆن  لە ناوچەكە بدەن ، كە دواترینیان تویتێكی ترامپ بوو كە تێیدا بەڵێنیدا ئەگەر ئێران بیەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت ئەوە وڵاتەكەیان وێران دەبێت .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی