گۆڕان بێ‌ وەڵامە
خواستی كاراكردنەوەی رێككەوتنی سیاسی‌و دەباشان لەناو یەكێتی زیاتر دەبێت

کوردستان

20/05/2019‌ 2046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خواستی كاراكردنەوەی رێككەوتنی سیاسی‌و دەباشان لەناو یەكێتی نیشتمانی زیاتر دەبێت‌و بزووتنەوەی گۆڕانیش لەو بارەوە بێدەنگە.

خواستەكە بەشێوەیەك لەناو یەكێتی زیاتر بووە، بەشێكی زۆر لەسەركردە دیارەكانی ئەو حیزبە بەفەرمی داوای كاراكردنەوەی هەردوو رێككەوتنی سیاسی‌و دەباشانی نێوان حیزبەكەیان‌و گۆڕان دەكەن.

بەرپرسانی یەكێتی لەئێستادا دووەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانیان كردووەتە دەرفەت، بۆ داواكارییەكەیان، بەڵام بەرپرسانی بزووتنەوەكە تائێستا بێدەنگن.

لەو چوارچێوەیە لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی‌و یەكێك لەسەركردە دیارەكانی ئەو حیزبە، لەمیانی پەیامێك بە بۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لەپەیامێكدا ئەو خواستەی خستەڕوو.

لەپەیامەكەیدا لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: كاراكردنەوەی رێككەوتننامەی دەباشان و دروستكردنی سەركردایەتی هاوبەش لە نێوان یەكێتی و گۆڕان، دەتوانێت باڵانسی هێز لەبەرژەوەندی خەلك و خاكی كوردستان یەكلابكاتەوەو‌ بە بەشداریی پارتە سیاسییە‌ هاوهەڵوێستەكان، قۆناغ بە قۆناغ هەڕەشە و مەترسییەكان لەسەر ئەم ناوچەیە تێپەڕێنێت.


هەروەها دەڵێت: كاراكردنەوەی یەكهەڵوێستی و هاوپەیمانی نێوان یەكێتی و گۆڕان، بە بەردی بناغە و فریادڕەسی ئەم قۆناغە دەخەمڵێنم، بڕوای تەواویشم وایە كە پاراستنی دەستكەوتەكان و بەدیهێنانی كوردستانێكی بەهێز و حوكمڕانییەكی هاوسەنگ و دادپەروەر، پێویستی بە پەیوەندییەكی بەهێزی نیوان لایەنەكان، بەتایبەتی نێوان یەكێتیی و گۆڕان هەیە و لەم پیناوەدا دڵسوزانە لەگەڵ هەڤاڵ و هاوڕێبازەكانم كاری بۆ دەكەم. ئەمە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی و سیاسی ئێمەیە.

هاوكات سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەنووسینێكدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەڵێت: چیتر پێویستە ڕێكەوتننامەی دەباشان بخرێتە بواری جیبەجێكردنەوە، كە ئەمەش خەونی هەردوو سەركردەی هەمیشە زیندوو مام جەلال و كاك نەوشیروان بووە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت، "با چیتر نەهێڵین بیروڕای كەمینەیەك سەركەوێت بەسەر خواستی گەلێكدا".

17ی ئایاری 2016 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنامەی سیاسی نێوانیان ناسراو بە رێككەوتنامەی دەباشانیان واژووكرد. رەشنووسی‌ رێككەوتنەكە لە 11 بەش‌و 25 ماددە پێكهاتووە، تێیدا هەردوولا تێڕوانینی‌ هاوبەشی‌ خۆیان خستووەتەڕوو دەربارەی‌ پرسەكانی‌ تایبەت بەحزب، ناوخۆی‌ هەرێمی‌ كوردستان، عێراق‌و ناوچەكە لەرووە سیاسی‌‌و ئابورییەكانەوە.

رێككەوتنە، ئاماژەی‌ بەپێویستی‌ ئامادەكردنی‌ دەستورێكی‌ دیموكراتیانە‌و سەربەخۆیی‌ دادگاكان كردووە لەگەڵ بە دامەزراوەیكردنی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگەو پەیوەندیەكانی‌ دەرەوە، لەبارەی‌ چەندین كەرتی‌ ترەوە لەنێویاندا پرسی‌ نەوت، داوای‌ چاكسازی‌‌و شەفافیەتی‌ كردووە.

بەبیانووی ناپابەندی بەرێككەوتنەكە، بزووتنەوەی گۆڕان تاكلایەنە رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی هەڵپەساردو دوای ئەوەش لەچەند وێستگەیەك یەكێتی‌و گۆڕان تووشی بەركەوتن بوون‌و پەیوەندی نێوانیان بەتەواوی تێكچوو.

هـ ـ ح