هەرێم بەشێوەیەکی مەبدەئی رازی بووە ٢٥٠ هەزار بەرمیل بداتە بەغدا

عیراق

20/05/2019‌ 2797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لەڕووی مەبدەئییەوە رازییە کە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات ، ئەوەش بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی فیدراڵی ئەمساڵ هاتووە.


سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" لەڕووی مەبدەئییەوە هیچ گرفتێک لەوەدا نییە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکەین ، بەڵام چەند کێشەیەکی تر هەیە وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان چەندین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کردووە کە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێم کردووە".


دزەیی پرسیاری ئەوە دەکات کە ئەگەر هات و هەرێم ئەو بڕە نەوتەی کە لە بودجەدا هاتووە رادەستی بەغدا کرد، ئەدی کێ هەقدەستی ئەو کۆمپانیا بیانیانە دەدات کە کاری بەهەمهێنانی نەوت دەکەن، ئایا حکوومەتی عێراق ئامادەیە ئەوە بخاتە ئەستۆی خۆی.

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێم رونیکردوەتەوە، ئەوە پێویستی بەوە هەیە دانیشتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا بکرێت ، بەڵام تائیستا نەکراوە.


هەروەها وتەبێژی حکوومەتی هەرێم باسى لەوەشکرد، ماوەی ساڵێک دەبێت هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بکەونە گفتوگۆوە.

و.ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی