هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دوادەخرێت

عیراق

20/05/2019‌ 272 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە عێراقییەکان باس لە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ساڵی داهاتوو.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری شیروان الدوبردانی، پەرلەمانتاری عێراقەوە رایگه‌یاندووه‌، رێکەوتنێکی سەرەتای لە نێوانی عادل عادل عەبدلمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کراوە، سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

بەپێی ڕێکكەوتنەکە، بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیاربوو 16ی مانگی 12ی ئەمساڵ لە سەرانسەری عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دوادەخرێت.

الدوبردانی وتیشی، "تورهان موفتی، رێكخەری گشتی كاروباری پارێزگاكان داوای لە پەرلەمان کردووە، پەلە لە دووەم پێداچوونەوەی چاکسازیکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەن، چونکە حکومەتی عێراق لەو بڕوایەدایەو ئەوە بەباش دەزانێت کە لەنێوان هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا مەودایەکی زەمەنی زیاتر هەبێت، تا دوابەدوای ئەوەش کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بتوانێت بۆ بەڕێوچوونی هەڵبژاردنێکی خاوێن وشەفاف ئامادە ببێت".

وەرگێڕان: یاسین نادر