ماوەی چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی پەنابەران لە سوید درێژدەکرێتەوە

جیهان

20/05/2019‌ 429 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ئەنجامی دروستبوونی فشارێکی زۆر لەسەر دادگاکانی کۆچ، پێداچوونەوە و وەڵامدانەوەی ئەو پەنابەرانەی کە دۆسییەکەیان رەوانەی دادگاکان کراون  بۆ ٢١ مانگ درێژکراوەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی بەشی کوردیی رادیۆی سوید، فشارێکی زۆر لەسەر دادگاکانی سوید دروستبووە، کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی داواکاریان بۆ پێشکەشکردنی مافی پەنابەری دواکەوتنی زۆر بە خۆیەوە ببینێت.

ئەو پەنابەرانەی، کە لە پاش ئەوەی داوای مافی پەنابەرییەکەیان لەلایەن دەزگای کۆچەوە ڕەتکراوەتەوە و قەزییەکەیان ڕەوانەی دادگای کۆچ  (Migrationsdomstolen) کراوە، بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامەکانیان لە دادگای کۆچ لە رۆژێکەوە تا ٢١ مانگی پێ دەچیێت.

لە ئێستاشدا بۆ کەمکردنەوەی کاتی وەڵامدانەوە و پیاگەشتنی قەزییەکانی پەناخوازان بەڕێوەبەراییەتی گشتی دادگاکان (Domstolsverket) نووسراوەیەکی فەرمی ڕەوانەی حکومەت کردووە و داوای زیادکردنی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی کردووە بەبڕی ٩٠ ملیۆن کرۆن.

یەکێک لەو پەنابەرانە دەڵێت، ماوەی ١٧ مانگە لە چاوەڕوانی دایە و بەوهۆیەوە بەردەوام لە ترس و دڵەراوکێدا دەژی و بە زەحمەت خەوی لێدەکەوێت.