پێویستە عەرەب بجوڵێن.. موبارەك باس لەمەترسی ئێران و مامەڵەی سەدە دەكات

جیهان

21/05/2019‌ 3251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی لەكارلادراوی میسر محەمەد حوسنی موبارەك چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەیەكی كوێتی ئەنجامداوە، تێیدا باس لە مەترسی ئێران لەسەر كەنداوو مامەڵەی سەدە و ویستی ئیسرائیل بۆ دابڕینی خاكی میسر و خستنە سەر سنووری غەزە تاكو دەوڵەتی فەلەستینی پێ دروست بكەن، دەكات.

چاوپێكەوتنەكە رۆژنامەنووس فەجر سەعید ئەنجامی داوەو رۆژنامەی هەواڵی كوێتی لەژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردووەتەوە.

موبارەك وای دادەنێت ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن مامەڵەی سەدە تەنیا قسەی رۆژنامەكانە، بەڵام پێشەكییەكی نا دڵنیایی هەیە و پێویستە عەرەب ئامادە بێت هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكات، لەو سەرەتا خراپانەی موبارەك باسی كردووە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكایە بۆ قودس و بەخشینی جۆلانە بەئیسرائیل و فراوانخوازی بەردەوامە لە نشینگەكاندا. 

موبارەك لەو بارەیەوە دەڵێت: هەموو ئەمانە وا دەكات گەشبین نەبم، لەسەر جیهانی عەرەبی پێویستە ئامادە بێت بۆ هەلس و كەوت كردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا.

غەزەو سینا 
لەچاوپێكەوتنەكەدا موبارەك دەشڵێت: من باش سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ دەناسم و ئەویش باش من دەناسێ، ئەو نایەوێ دوو دەوڵەتەكە دروست بكرێت، ئەو بڕوای بە بنەمای خاك بەرانبەر ئاشتی نییە.. ئەو دەیەوێ غەزە لە كەناری رۆژئاوا داببرێت.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ناتانیاهۆ لە كۆتایی 2010 داوای رەزامەندی ئەوی كردووە بۆ ئەوەی فەلەستینییەكانی غەزە بەشێك بن لە هیڵی سنوری لە سینا، ئەمیش داواكەی رەتكردووەتەوە و هۆشداری ئەوەی پێداوە جارێكی تر ئەو بابەتە نەوروژێنێ، چونكە دەبێتە هۆی جەنگێگی نوێ لەنێوان میسرو ئیسرائیلدا.

موبارەك داوای جێگرەوەو ئاسۆی سیاسی دەكات لەدوای دروستبوونی دوو دەوڵەتەكە، داواش لە عەرەب دەكات جوڵە بكات و وەڵامی پێشنیارەكەی ئەمەریكا بداتەوە كاتێك رۆاڵەتەكانی بە شێوەیەكی فەرمی ئاشكرا بوون.

مەترسی ئێران
دەربارەی ئەو بۆچونەی باس لەوە دەكات هەرەشەی ئێرانی لەسەر عەرەب و كەنداو لە ئیسرائیل مەترسیدارترە، موبارەك دەڵێ: ناتوانم ئەوە نەڵێم، كە ئێران دەیەوێت ناوچەكە بشوێنێ و ئەمەش هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی.

موبارەك باسی لەوەش كردووە، دوای 2011 بە دیاریكراوی سەرجەم هێزەكان مرخیان لە ناوچەكەمان خۆش كردبوو، دۆخە مێژووییەكەیان قۆستەوە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەكانیان. میسر هاوكاری عێراقی كرد لە جەنگەكەیدا دژی ئێران، میسر لەگەل براكانی وەستایەوە لە كەنداو دژی هەر هەڕەشەیەكی ئێرانی. من و شای كۆچكردوی سعودیە عبدالله كوری عبد العزیز دیدگایەكی هاوبەشكان هەبو بۆ بەرپێگرتنی بەرزە فڕیەكانی ئێران لەناوچەكەدا لەگەڵ هەوڵدانمان بۆ كردنەوەی هەر رێكارێك بۆ تێگەیشتن لەگەڵیدا. من هەوڵی ئەوەشم داوە پەیوەندیەكان لەگەڵ ئێراندا بەرەو باشی بەرم لەسەردەمی سەرۆك محمد خاتەمی و لە جنێف یەكتریمان بینی، بەلام توندرەوەكان ی ئێران بەربەستیان بۆ هەر هەلێك دروست دەكرد بۆ باش كردنی پەیوەندییەكان. باسی ئەوەشی كرد رابەری بالای كۆماری ئیسلامی وتاری رۆژی هەینی بە زمانی عەرەبی خوێندەوە لە یەنایری 2011 بۆ دەستخۆشی كردن لە شۆرشی میسری كە بوە مایەی لەكار لادانی موبارەك.

تەقینەوەی دۆخەكە
موبارەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بەرزە فڕیەكانی ئێران ویستەكانی روونن، هەرەشەكردن لە كەنداو ناكرێت لێی بێدەنگ بن، بەلام لەهەمان كاتدا بەرزە فڕیەكانی ئیسرائیلیش روون لە ژێر سایەی حكومەتی ئێستادا، بۆیە پێویستە هەڵس و كەوت لەگەڵ هەردوو بابەتەكە بكرێت و هیچیان كاریگەری نەكاتە سەر ئەوی تریان.

موبارەك باسی لە بۆچوونی خۆی كردووە دەربارەی كێشەی فەلەستین بەوەی لە ئێستادا دیار نییە بەهۆی دۆخی هەرێمایەتی و نێودەولەتی، بەڵام وەك ئاماژەم پێدا سەپاندنی چارەسەری نا دادگەر بەهۆی تێكچوونی هاوسەنگیەكانی هێزەوە هیچ ئاشتیەك بەدی ناهێنێ یاخود هاوكاریەكی بەردەوام درێژە ناكێشێ، بەڵكو لە هەر چریەكەدا بێت دۆخەكە دەتەقێتەوە.

سەرچاوە: الجزیرە
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا