پارتی چاوەڕێی ناكات
یەكێتی كاندیدەكانی پێ یەكلاناكرێتەوە

کوردستان

21/05/2019‌ 2681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاندیدی پۆستەكانی پێ یەكلاناكرێـەوەو ئەوەش پارتی دیموكراتی نیگەران كردووەو ئەو حیزبەش بڕیاریداوە چاوەڕی یەكێتی نەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، تائێستا مەكتەبی سیاسی یەكێتی هیچ میكانیزمێكی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو پۆستانە دیارینەكردووە، كە لەكابینەی داهاتوو، بەری دەكەوێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی زۆری كاندیدەكان‌و ململانێ بۆ دەستخستنی پۆستەكان لەنێوان بەرپرسانی یەكێتی، ئەو حیزبە نەیتوانیوە، هیچ میكانیزمێك دیاری بكات بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی یەك شەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ ئەو پرسە كۆبووەوەو زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە لەكۆبوونەوەكە بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون، بۆیە هیچ راگەیەنراوێك دوای كۆبوونەوەكە بڵانەكراوەتەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، یەكلانەبوونەوەی یەكێتی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكان پارتی نیگەران كردووە، لەگەڵ ئەوەش جەختی كردووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم چاوەڕێی ئەو حیزبە ناكەن‌و پرۆسەكە لەپەرلەمانی كوردستان بەردەوام دەبێت.

یەكێتی وەك براوەی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەگەڵ پارتی دیموكرات رێككەوتووە بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و بەپێی رێككەوتنەكەش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرانی سەرۆكی حكومەت‌و هەرێم‌و شەش پۆستی وەزاری‌و چەند بریكارێكی وەزیرو بەرێوەبەرێكی گشتی‌و نوێنەرایەتی لەدەرەوەی هەرێم وەردەگرێت.

هـ ـ ح