نازم دەباغ: هەرێمی كوردستان رێگە نادات خاكی دژی ئێران بەكاربێت

کوردستان

21/05/2019‌ 604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نازم دەباغ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، پێیوایە لە ئێستادا بە بۆنەی گرژی نێوان ئەمریكا و ئێران و سزاكانی سەر ئێرانەوە، هەولێر و بەغدا كەوتوونەتە ژێر گوشارێكی دوو لایەنەی زێدەوە .

نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت: بە ڕاستی گوشارەكان زیاتر بوونەتەوە، ئێستا گوشارەكان دوو لایەنەیە، لە لایەك ئەمریكا گوشار دەخاتە سەر هەرێم و عێراق بۆ ئەوەی پابەندی سزاكانی سەر ئێران بن و پەیوەندییەكانیان كەم بكەنەوە و لە لایەكەوە هەرێم پەیوەندی ستراتێژیكی لەگەڵ ئێران هەیە و پێویستمان بە یەكترە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و ناكرێت پابەندی سزاكان بین و هەرێمی كوردستانیش نایەوێت هیچ كات هاوكار بێت بۆ دژایەتی كردنی هیچ لایەنێك بەتایبەتی ئێران.

نازم دەباغ لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی مێهر دەشڵێت: ئێمە لەگەڵ ئێران پێشینەی مێژوویی هاوبەشمان هەیە، پێكەوە خەباتمان كردووە و دژی ڕژێم بەعس لە سەنگەردا بووین . ئێران لە ڕۆژانی نەهامەتیدا پشتی لە كوردی عێراق نەكردووە و  ئێستا خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستانیش خۆیان بە قەرزداری ئێران دەزانێن و ناتوانن پشت لە ڕابردوو بكەن.

لەبارەی ئەوەی بەغدا و هەولێر چ پلانیان بۆ كەم كردنەوەی ئەم گوشارانە داڕشتووە؟ ئەو نوێنەرەی حكومەتی هەرێم وتی: بێ گومان عێراق و هەرێمی كوردستان نایانەوێت خۆیان لەو ململانێی وەربدەن. عێراق وڵاتێكی سەربەخۆیە كە بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە و هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت بێ لایەن بێت لەم تەنگژەیەدا و خۆی بە دوور بگرێت لە هەموو گرژییەك و دەوڵەتی ناوەندی عێراق هەر بڕیارێك بدات هەرێمی كوردستانیش پابەند دەبێت بەو بڕیارە.  تا ئێستاش سەرۆك كۆمار و سەرۆكی وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانیش بە لایەنی ئەمریكیان وتووە كە بەشێك نابن لەو تەنگژە و ڕێگە نادەن خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان دژی هیچ دراوسێیەك بەكار بێت .

وتیشی: ئەمریكاییەكان بەم سەفەرانەیان بۆ هەولێر و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان كە ڕای گشتی هەرێم و بە تایبەتی چالاكانی بواری ئابووری و بازرگانی كە پەیوەندیان لەگەڵ ئێران هەیە، بتۆقێنن و كاریگەری بكەنە سەر پەیوەندییە دوو لایەنەكان، ڕاتان لەمبارەوە چییە؟

باسی لەوەش كردووە، لە كاتی گرژی و ئاڵۆزیدا هەر دوو لایەن هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان و دەستبەركردنی بەرژەوەندییەكانیان، بەڵام پەیوەندی ئێران و عێراق و تاران و هەولێریش ستراتێژیكە و لە ئاستێكی باڵادایە و جەختی ئێمە لە سەر كەم كردنەوەی كێشەكە و نەهێشتنی مەترسیە. پەیوەندی بازرگانی و ئابووری ئێران و هەرێمی كوردستان وەك خۆیەتی . هەرێمی كوردستان بێ لایەن دەبێت لەم ئاڵۆزییەدا و هەموو هەوڵێك دەدین كە پرسەكە بەرەو مەترسی جیدی و هەڵدێر نەڕوات چونكوو بەرژەوەندی هەموو لایەكمان لە ئارامی ناوچەكەیەدا.

دەباغ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دیارە هەموو حكوومەتێك بە پێی بەرژەوەندییەكانی هەندێ دۆستی هەیە و دوژمنیشی هەیە، ئێران لە مێژە دۆستی ئێمەیە لە شەڕی بەعس، لە سەردەمانی ئاوارەیی و شەڕی داعش و زۆر چەڵەمەی دیكەدا بە هانای هەرێمی كوردستانەوە هاتووە، هاوكات ئەمریكاش لە ڕووخاندنی سەدام و شەڕی داعش و ناردنی یارمەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە و...... هاوكاری هەرێمی كوردستانی كردووە و ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵی هەیە، هەر بۆیە كێشە و ئاڵۆزی ئەم دۆ دۆستە، خەسار لە هەرێمی كوردستان دەدات و گوشاری قورسی خستووەتە سەرمان. هەرێمی كوردستان هەرچی پێبكرێت لە كەم كردنەوەی ئەم گرژیانەدا درێخی نابێت و وەك بەرژەوەندی خۆی چاوی لێدەكات. هەولێر بە گرینگیەوە دەڕوانێتە بابەتی  سەقامگیری و پاوەجێی ناوچەكە.

هـ ـ ح