جەبار یاوەر: مەبەستی سیاسی لەپشت گواستنەوەكانی وەزارەتی پـێشمەرگەوە نیـیە

sharpress.net

734 جار خوێندراوه‌ته‌وه

21/05/2019‌

شارپرێس:
لەچەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە ھەبوو كارمەندان و ئەفسەرانی یەكێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە جیاكراونەتەوە و ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتیش گەڕێندراونەتەوە بۆ سلێمانی.

لەبارەی ڕاستی ئەم ھەواڵە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتی: ئەم ھەواڵانەی كە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە، ھیچ سەرچاوەیەكی فەرمیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە نییەو ھەموو ئەو ژمارانەی، كە بڵاوكراونەتەوە ھەڵەن، لەبەر ئەوەی بابەتی گواستنەوە كارێكی رۆژانەی وەزارەتە و بەردەوام ئەفسەر و پلەدار لە لایەن ھێزەكانی حەفتا و ھێزەكانی ھەشتاوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە دەگوێزرێنەوە و بە ھەمان شێوەش ئەفسەر و پلەدار لە وەزارەتی پێشمەرگەوە ئەگەر بێ كار بن دەگوێزرێنەوە بۆ سەر ھێزەكانی ٧٠ و ھێزەكانی ٨٠ و لەوێوە كاریان پێدەدرێ و وە ئەمە كارێكی ئاساییە لەنێوان ئەم دوو ھێزە و وەزارەتی پێشمەرگەوە و ھیچ مەبەستێكی سیاسی لە پشتەوە نییە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، لەبارەی ھاوپەیمانەكانەوە دەدوێ دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو مەشق و راھێنانەكانیان بە ھێزەكانی پێشمەرگە راگرت و دەڵێ: بە پێی سۆراخكردنمان لە بەڕێوبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە، كە لە یەكشەممەی رابردووەوە مەشقەكان لە لایەن مەشقپێكارانی وڵاتانی ھاوپەیمانان بە شێوازێكی كاتی راگیرابوو، بەڵام لەم یەكشەمەیەوە دووبارە مەشقپێكاران چوونەتەوە بنكەكانی مەشقەوە و دەستیان بە مەشقپێكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە كردووەتەوە.

جەبار یاوەر لەبارەی دەنگۆی ئەوەی، كە چەند گروپێكی چەكدار دزەیان كردبێتە ناو ھەرێمی كوردستان و ھەر بەو ھۆیەوە ھێزە ئەمنییەكان لە حاڵەتی ئامادە باشیدابن وتی: ئەمە شتێكی ئاساییە و ئێمە لە پێشووتردا روونمان كردووەتەوە كە داعش ھێشتا وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ھەتاوەكو ئێستا ماوە و كۆتایی پێنەھاتووە دەشڵێ: داعش وەك دەوڵەتێكی خەلافەتی شام و عێراق كۆتایی ھاتووە، بەڵام وەك گروپێكی چەكداری ھەم لە رووی فكرییەوە و ھەم لە رووی چەكدارییەوە ھێشتا ماوە و شانەی نووستووی ھەیە و بەردەوام ئەو شانە نووستووانەیان دەستگیر دەكرێن، وە دوو ھەفتە پێش ئێستا چەند ئەندامێكی ئەو رێكخراوە لە سلێمانی و ھەولێر دەستگیركران.

هـ ـ ح






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved