نەوەی نوێ‌ پاراستنی گیانی شاسوار عەبدولواحید دەخاتە ئەستۆی یەكێتی

کوردستان

21/05/2019‌ 576 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پاش دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانییەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان كازم فاروق پێیوایە دەستگیركردنی شاسوار و خۆبەخشەكانیان مەسەلەیەكی سیاسییە، وەك لەوەی سكاڵایەكی یاسایی بێت.

كازم فاروق لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: ئەو بابەتەی لە سەری دەستگیركراون، بۆ هاووڵاتی ئاساییش بێت، ئەو رۆژە بە كەفالەت ئازاد دەكرێت تا رۆژی دادگایی كردنی، ئەوەش كاری پۆلیسە، بەڵام دۆسێكەیان براونەتە ئاسایشی سلێمانی، تا ئێستا نە پارێزەرەكان نە ئەندامانی پەرلەمانی فراكسیۆنەكەمان نەیان توانیوە پەراوی دەستگیركردن و دۆسیكە بخوێننەوە."

ئێستا دەنگوباسەكان باس لەوە دەكەن، كە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خراوەتە زیندانی تاكە كەسییەوە، كازم لەو بارەیەوە دەڵێت "زانیارییەكان واش بە ئێمە گەیشتووە، لە رابردوو زیندانی تاكە كەسی بۆ خەڵكی تر روداوی تەمومژاوی بەدوادا هاتووە، ئێمە هەموو ڕێكخراوەكانی نێو دەوڵەتی و دەرەوەی هەرێممان لێ ئاگاداركردووەتەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ هەروەها جەختیكردووەتەوە، پاراستنی ژیان شاسوار وخۆبەخشەكانمان لە ئەستۆی یەكێتی نیشتیمانی و حكومەتی هەرێمدایە.

هـ ـ ح