شارپرێس:
بەپێی راپرسییەك، كە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەنجامدراوە دەركەوتووە، نیوەی ئەوانەی رایان وەرگیراوە پێیان وایە ئەگەری زۆرە لەماوەی چەند ساڵی كەمی داهاتوودا وڵاتەكەیان لەگەڵ ئێران بكەوێتە جەنگەوە.
راپرسییەكە هەردوو دامەزراوەی " رۆیتەرز " و " ئیبسۆس" ئەنجامیانداوەو ئەوەی روونكردووەتەوە ئەمەریكییەكان بە بەراورد بە ساڵێك لەمەوبەر زیاتر هەست بە نیگەرانی دەكەن لەو مەترسییەی ئێران لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا درووستی كردووە.
سەرەرای ئەو نیگەرانییە ئەمنییەی لای ئەمەریكییەكان هەیە ، بەڵام ژمارەیەكی زۆر كەمیان پشتگیری گورزێكی پێشدەستانە دەكەن لە دژی ئێران .
راپرسییەكە ئەوەی پیشانداوە، كە لە ٥ كەسی ئەمەریكی ٤ یان دەڵێن ئەگەر هات و ئێران دەستپێشخەری كرد لە هێرشكردنە سەر سوپای ئەمەریكا ، ئەوە پێویستە سوپای ئەمەریكا وەڵامێكی سەربازی ئەو دەستدرێژییەی ئێران بداتەوە.
رۆژی سێشەممە حەسەن روحانی سەرۆككۆماری ئێران گوتی ئێستا دۆناڵد ترامپ لە هەڕەشەكانی بۆسەر ئێران پاشەكشەی كردووە ، ئەوەش دوای ئەوەی ڕاوێژكارەكانی ئامۆژگارییان كردووە لەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە شەڕكردن لەگەڵ ئێران .
هەروەك ئاژانسی فەرمی ئێرانی "ئێرنا" لەسەر زاری سەرۆكی ئێرانەوە گواستییەوە كە روحانی گوتوویەتی " لەئێستادا گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمەریكییەكان گونجاو نییە ، بەڵكو خۆراگری و بەرگری بەپێویست دەزانم ".
پاتریك شاناهانی وەزیری بەرگری ئەمەریكا بەوەكالەت رایگەیاند ئیدارەی ئەمەریكا دەیەوێت تەنیا ڕێ لە ئێران بگرێت و نایەوێت شەڕ لە دژی رابگەیەنێت .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی