داوای بڕینی بودجەو موچەی هەرێم دەكرێت
فشارەكان لەسەر عادل عەبدولمەهدی زیاتر دەبن

عیراق

22/05/2019‌ 1961 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەكەیان فشاری خستووەتە سەر عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراق  بۆ ئەوەی یەكەم هەڕەشەی خۆی لەماوەی دەسەڵاتەكەیدا ئاراستەی هەرێمی كوردستان بكات ، ئەوەش ئەگەر هات و هەرێمی كوردستان رازی نەبوو ئەو برە نەوتەی لە بودجەدا بڕیاری لەسەر دراوە رادەستی بەغدا بكات  بەرانبەر بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی تر،

رۆژنامەی "شەرق ئەلئەوسەت" لە ژمارەی ئەمرۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمان رایگەیاندووە ئەوەی لەسەرۆكوەزیرانەوە دەردەچێت ئەوە ئەنجامی ئەو گوشارانەیە كە لیژنەكەمان خستوویەتییە سەر ، بەتایبەتی كارەكە لەوەدا نەماوە كە بێدەنگی لێبكرێت و چاوەڕێ بكرێت ".

سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە باسی لەوە كردووە، كە نووسراوی فەرمییان ئاراستەی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە وەك وەزارەتی دارایی كە شایستە داراییەكان بە شێوەیەكی سرووشتی بۆ هەرێم  دەنێرێت  بێئەوەی ئەو برەی ڕێكەوتنی لەبارەوە كراوە بەدەستی بگات كە ئەویش ٢٥٠رۆژانە  هەزار بەرمیلە ، ئەوە لەكاتێكدا هەرێم رۆژانە ٤٨٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكەن ، بەو واتایەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل زیادەیان بۆ دەمێنێتەوە.

حەلبووسی سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە دەشڵێت: بە وەزیرە كوردەكانمان راگەیاندووە كە ئەگەر بێت و هەرێم ئەو برە نەوتە رادەستی بەغدا  نەكات ئەوە ناچارین بەقەد ئەو یرە  لە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕین ،دەشڵێت هەندێكیان بەوە رازی بوون چونكە هیچ پاساوێكیان نەدۆزیوەتەوە تا هەرێم پێوەی پابەندی ڕێكەوتنەكە نەبێت.

لای خۆیشییەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لەوە كردۆتەوە كە بەپێی یاسای بودجە دەبێت هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ، لەگەڵ داهاتە پیشبینیكراوەكان رادەستی بەغدا بكات ، بەڵام هەرێم تائێستا هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بەوەی لە یاسای بودجەی ساڵت ٢٠١٩ دا هاتووە.

جیهاد باس لەوە دەكات كە واگەیشتینە نیوەی ساڵ ، بەڵام هێشتا هەرێم یەك بەرمیل نەوتی رادەست نەكردووە لەكاتێكدا بەپێی زانیارییەكان هەرێم رۆژانە ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار بەرمیل بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و هەناردەكانی دەگاتە ٤٠٠ هەزار بەرمیل رۆژانە .

پێشتر لیژنەی دارایی میوانداری هەریەك لە فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) كرد ، تێیدا سامر زەیبان ئەندامی لیژنەی دارایی گوتی " میواندارییەكە بۆ قسەكردن بوو لەسەر هۆكاری پابەند نەبوونی هەرێم بە رادەستكردنی نەوتەكەی بە بەغدا" ، دەشڵێت " هەرێم پابەند نییە ، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی رابردوو هەرێم هیچ بڕێكی لەو نەوتە رادەست نەكردووە كە رێكەوتنی لەسەر كراوە".

زەیبان باس لەوە دەكات كە فوئاد حوسێن گوتوویەتی من ناتوانم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوەستێنم ، ئەوە دەبێت لەڕێگای گفتوگۆی سیاسییەوە چارەسەر بكرێت .

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت" لیژنەكەمان بەردەوام دەبێت لە گوشار خستنە سەر سەرۆك وەزیران ، بەدڵنیاییش لە بودجەی ساڵی داهاتوو قسەیەكی ترمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەبێت ".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی