ڕەوشی ئیدلب ئاڵۆزە .. سوپای سوریا بۆردوومانی نزیک خاڵێکی چاودێری سەربازی تورکیا دەکات

جیهان

22/05/2019‌ 416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
خەلووسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند کە تورکیا ئامادە نییە خاڵی چاودێری سەربازی وڵاتەکەی لە پارێزگای ئیدلب چۆڵ بکات ، ئەو پارێزگایەی بە دوا پێگەی ئۆپۆزیسییۆنی توندڕەوی سوریا دادەنرێت لە باکووری سوریا .

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی باسی لەوە کردووە کە هێزە سەربازییەکانی سوریا سێ هێرشیان بۆ نزیک یەکێک لە خاڵە چاودێرییەکانی سوپای تورکیا ئەنجام داوە کە یەکێکە لەو ١٢ خاڵەی چاودێری سوپای تورکیا کەدەکەونە ناوچەی  کەمکردنەوەی گرژییەکان ، کە لە مانگی مایسی ساڵی رابردوو بەپێی رێکەوتننامەیەکی نێوان رووسیا و تورکیا و ئێران دانراون .

ئاکار لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دوای ئەو بۆردوومانەی سوپای سووریا بەدڵنیایی پێگەکانمان چۆڵ ناکەین " ئەوە لەهیچ شوێنیکی تریش ڕوونادات" ، گوتیشی " پاشەکشە بە هێزە سەربازییەکانی تورکیا ناکەین لەو جێگایانەی لێی جێگیر کراون ".

پارێزگای ئیدلب نزیکەی سێ ملیۆن کەسی تێیدا نیشتەجێیە ، کە بەشێکی زۆریان خەڵکی ناوچە جیا جیاکانی تری سوریان و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەترسی هێرشی سوپای سوریا بەرەو ئەوێ کۆچیان کردووە.

بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکان و بۆردوومانی چەند رۆژی رابردووی سوپای سوریاوە نزیکەی ١٨٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە و ئەوە جگە لەوەی دەیان کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لەماوەی ساڵی رابردوودا ناوچەکە بەهۆی پرۆسەی ئاگربەستەوە کە تورکیا و رووسیا سەرپەرشتیان دەکرد ناوچەکە ئارامییەکی ڕێژەیی بەخۆوە دیبوو .

ئەگەری هێرشی سەربازی سوپای سوریا بۆسەر ئیدلب بۆتە هۆی ئەوەی هۆشداری بدرێت لە ڕوودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی ، کە بەپێی قسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەری زۆرە نزیکەی ٢،٥ ملیۆن کەس لەئەنجامی پرۆسەیەکی لەو جۆرە بەرەو تورکیا کۆچ بکەن .

خەلووسی ئاکار ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە رژێمی سوریا دەیەوێت لەڕێگای هێرشی وشکانی و بەکارهێنانی بەرمیلی تەقێنراوە ئەو رەوشەی لەگۆڕییە بشێوێنێت .

ئاکار باسى لەوەشکردوە، لەگەڵ سێرگی شوێگو وەزیری بەرگری رووسیا باسیان لەوە کردووە کە دەبێت رێگری بکرێت لە ڕوودانی شەپۆلێکی تری ئاوارە بەرەو ناو خاکی تورکیا .

و. ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی