تورکیا وەڵامی مۆڵەتەکەی ئەمریکا دەداتەوە: کڕینی ئێس-٤٠٠ کۆتاییهاتووە و پاشەکشەی تیدا نییە

جیهان

22/05/2019‌ 2377 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەک وەڵامێک بۆ ئەو مۆڵەتە دوو هەفتەییەی کە واشنتۆن بۆ ئەنقەرەی داناوە تا دەستبەرداری کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ی رووسی بێت ، خەلووسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا گوتی " مامەڵەی کڕینی ئیس-٤٠٠ کۆتایی هاتووە ".

ئاکار لەلێدوانێکدا  رایگەیاند" ڕێکەوتنەکەمان لەگەڵ رووسیا واژۆ کردووە ، پەیوەندییەکی زۆر نایابیشمان لەگەڵیان هەیە ، لێرەوە دەیڵێین کە مامەڵەی ئێس-٤٠٠ تەواو بووە".

وەزیری بەرگری تورکیا گوتی کە  ئەفسەر و سەربازانی وڵاتەکەی رەوانەی رووسیا کراون تاوەکو لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو سیستەمە راهێنان بکەن ، تەنانەت راهێنانەکان دەستیشیان پێکردووە.

ئاکار پیشتریش جەختی کردبۆوە کە تورکیا لەکڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ پاشەکشە ناکات ، تەنانەت لەمانگی تەمموزی ئەمساڵ یەکەم وەجبەی ئەو سیستەمەی بەدەست دەگات .

واشنتۆن چەندین جار داوای لە تورکیا کردووە کە واز لە مامەڵەی کڕینی ئەو چەکە ڕووسییە بهێنێت ، لەبەر ئەوەی بە قسەی بەرپرسانی واشنتۆن ئەو سیستەمە هەڕەشەیە لەسەر فرۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمەریکی و ئەگەری هەیە لەوڕێگایەوە زانیارییەکانی ناوی لەبەرژەوەندی مۆسکۆ دزەیان  پێبکرێت .

رۆژی سێشەممەش کەناڵی CNBC ئەمەریکی بەپشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند کە واشنتۆن دوو هەفتە مۆڵەتی داوە بە ئەنقەرە تا دەستبەرداری مامەڵەی کرینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیس -٤٠٠ بێت .

 

وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی