سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ شارپرێس: نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئازادكرا

کوردستان

22/05/2019‌ 3271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان رايگه‌یاند، دوای هه‌وڵه‌كان توانراوه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری له‌كارلادراوی كه‌ركوك ئازادبكرێت، دوای ئەوەی شەوی رابردوو دەستگیرکرا.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ به‌شارپرێس-ی راگه‌یاند، دوای هه‌وڵێكی زۆر توانراوه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری له‌كارلادراوی كه‌ركوك ئازادبكرێت، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یروت له‌ لوبنان ده‌ستگیركراوه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بێئاگایی خۆی له‌ چۆنێتی ئازادكردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم راگه‌یاند و وتی، هێشتا دیارنیه‌ ده‌بێت بچێته‌ به‌غدا كه‌ داواكراوه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ یان رێككه‌وتن له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

شەوى رابردوو نەجمەدین کەریم لەکاتى سەردانى بۆ لوبنان لە فڕۆکەخانەى بەیروت دەستگیرکراوە، بەڵام نوسینگەکەى سه‌ره‌تا ئەو هەواڵەی ره‌تكرده‌وه‌ و راگه‌یاند، ناوبراو بەسەردانێک لەو وڵاتەیەو لەچەند رۆژى داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

دواتریش عەلى عامرى، باڵیۆزى عێراق لە لوبنان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی پشتڕاستكرده‌وه‌ و بە تۆڕى راگەیاندنى عێراقى راگەیاندوە، بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم پارێزگارى پێشووى کەرکوک دەکەن کە لەلایەن پۆلیسى ئینتەرپولەوە دەستگیرکراوە.

ئازادكردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێم‌و بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەهەوڵی ئازادكردنیدا بوون.

ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌سه‌ر داوا و سكاڵای حكومه‌تی عێراق و تێوه‌گلانی له‌ گه‌نده‌ڵییه‌، به‌رپرسانی پارتیش هه‌وڵیاندا لانیكەم راده‌ستی به‌غدا نه‌كرێت و لە لوبنان بیكەنە ژێر "ئیقامەی جەبری"‌.

لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧وە و لەكاتی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر كەركوك، نەجمەدین كەریم، كەركوكی جێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێبوو، دواتر لەسەر گەندەڵی لەلایەن دادگای نەزاهە سكاڵای لەسەر تۆماركراو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.

نەجمەدین كەریم پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بوو، بەڵام دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر پەیوەندی بەو حیزبەوە نەماو خۆشی لەچەند بۆنەیەكی جیاواز رایگەیاند، كە وازی لە ریزەكانی یەكێتی هێناوە، كە ئەو حیزبەش بەفەرمانێك له‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی دووریان خسته‌وه‌.

ه.م