شارپرێس:
بەرپرسێکی وهزارهتی ئهوقافی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگهیاند، زۆربەی ئهو كوردانهی چونهته نێو داعشهوه کوژراون و ژمارەیەکیشیان خۆیان ڕادەستی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بەڵام نزیکەی 20 کەسیان چوونەتە نێو ڕیزەکانی بەرەی نوسرەوە.
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف به ماڵپهری فهرمی پارتی راگهیاندووه، "لە سەرەتای ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا خەڵکێک لە ھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان بەو گرووپەوە کرد و ژمارەی کوردانی ھەرێمی کوردستان لەنێو داعش گەیشتە 500 کەس، بەڵام دوای دوو ساڵی یەکەم، پەیوەندیکردن بە داعشەوە بەرەو کەمبوونەوە و دواتر نەمان چوو، زۆربەی ئەو کوردانەی لەنێو داعش بوون کوژراون و بەپێی ئاماری بەردەستی ئێمە نزیکەی 350 چەکداری کوردی نێو داعش کوژراون."
بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف، کە پێشتر ئەندامی لیژنەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕۆیی بوو، دەڵێت، "لەو کوردانەی لەنێو داعش نەکوژرابوون، بەشێکی زۆریان خۆیان ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان کردەوە، کە ژمارەیان 150 کەسێک دەبوو، بەپێی یاسا مامەلەیان لەگەڵ دەکرێت."
لەبارەی ئەو داعشە کوردانەی ماون، نەقشبەندی رونیكردهوه، "چەکداری کورد لەنێو داعش نەماوە، لەبەر ئەوەی دوای شکستی داعش لە باغۆز و ناوچەکانی دیکەی سووریا ھیچ کوردێک دەستگیر نەکراوە کە لەگەڵ چەکدارانی داعش بووبێت، ھەتا لەو 900 چەکدارەی ڕادەستی عێراق کراونەتەوە ھیچ کوردێکیان تێدا نییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کورد لەنێو داعش نەماوە."
ئهوهشی خستهڕو، "ژمارەی ئەو کوردانەی لە سووریا لەنێو ڕیزەکانی داعش مابوون، ھەمووی ٢٠ چەکدارێک دەبێت، بەڵام زانیاری ھەیە ئەوانە داعشیان بەجێ ھێشتووە و لە سووریا پەیوەندییان بە گرووپی بەرەی نوسرەوە کردووە، ئەوەش بە گوتەی خێزانە داعشەکان."