یه‌كێتی: بڕیاری ڕێگریکردن لەدورینەوەی بەروبومی جوتیارە کوردەکان هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌

عیراق

22/05/2019‌ 405 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێ، "ئەو بڕیارەی کەلەلایەن قیادەی قواتی عەمەلیاتی سەڵاحەدینەوه‌ دەرچوو بوو بۆ ڕێگریکردن لە دورینەوەی بەروبومی بەرهەمی جوتیارە کوردەکانی ئەو سنورە، هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، "دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک کۆماری عێڕاق لیژنەیەکی بەپەلە و هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زارە کشتوکاڵیەکانی سنورەکانی (پەڵکانە و سەرگەڕان و دوبز) پێکهێنرا، ئەمڕۆ لیژنەکە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی کەلەلایەن قیادەی قواتی عەمەلیاتی سەڵاحەدینەوه‌ دەرچوو بوو بۆ ڕێگریکردن لە دورینەوەی بەروبومی بەرهەمی جوتیارە کوردەکانی ئەو سنورە".

مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "ده‌مانه‌وێت به‌ خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری کەرکوک ڕابگەیەنین دڵنیان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاتێک لەڕۆژگارێکی سەختدا هەرەسی بەهەرەس هێناو میللەتەکەی بەجێ نەهێشت، دڵنیابن ئێستاش نەک بەجێتان ناهێڵین بەڵکو لەپێناو مافەڕەواکانتان چۆن لەڕابردوو ڕوبەڕوی گەورەترین زەبروزەنگی ڕژێمی بەعس بوینەوە بۆ ئێستا و ئایندەش پشتیوان و داکۆکیاری سەرسەخت و نوێنەری ڕاستەقینە ماف و داخوازیەکانتان دەبین".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ڕاگەیەندراوێک لەمەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکەوە

دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێڕاق لیژنەیەکی بەپەلە و هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زارە کشتوکاڵیەکانی سنورەکانی (پەڵکانە و سەرگەڕان و دوبز) پێکهێنرا، ئەمڕۆ لیژنەکە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی کەلەلایەن قیادەی قواتی عەمەلیاتی سەڵاحەدینەو دەرچوو بوو بۆ ڕێگریکردن لە دورینەوەی بەروبومی بەرهەمی جوتیارە کوردەکانی ئەو سنورە، هاوکات بڕیاردرا  دەبێ چاوەڕێ بکرێت تاوەکو لیژنەی باڵاکە بڕیارەکانی لەئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت،لەخاڵێکیتردا بڕیاردرا هەر ناڕەزاییەک لەسەر خاوەندارێتی و کێشەی زەوی زارەکان دەبێ پەنا بۆ دادگا برێت و لەڕێ دادگاوە کێشەکان یەکلایی بکرێتەوە،بۆیە لەمڕۆ بەدواوە جوتیارە کورەکان دەتوانن بەروبومەکانیان بدورنەوە.
لێرەوە دەمانەوێ بەهەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری کەرکوک ڕابگەیەنین دڵنیان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاتێک لەڕۆژگارێکی سەختدا هەرەسی بەهەرەس هێناو میللەتەکەی بەجێ نەهێشت، دڵنیابن ئێستاش نەک بەجێتان ناهێڵین بەڵکو لەپێناو مافەڕەواکانتان چۆن لەڕابردوو ڕوبەڕوی گەورەترین زەبروزەنگی ڕژێمی بەعس بوینەوە بۆ ئێستا و ئایندەش پشتیوان و داکۆکیاری سەرسەخت و نوێنەری ڕاستەقینە ماف و داخوازیەکانتان دەبین.
لێرەوە بەپێویستی دەزانین سوپاسی بێ پایانی بەڕێز دکتۆر بەرهەم سەرۆک کۆماری عێڕاق و تەواوی هەڤاڵانمان لەئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەین هەر لەسەرەتای دروستبونی کێشەکەوە زۆر بەپەلە هاتنە سەرخەت و تەواوی هەوڵەکانیان خستەکار بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە و گەڕاندنەوەی مافی جوتیارانی سنورەکە.

مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوک
22/5/2019


ڕ . ج