ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك چاوەڕێی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتییە

عیراق

23/05/2019‌ 329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە، چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی ھاوبەشی یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات دەكات.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەو بارەوە رایگەیاند، دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، بەردەوام بڕیاری نایاسایی دژی ناوچە كوردستانییەكان دەدرێت و ھەر بڕیارێكیش دوای ئەو كاتە بدرێت، یاسایی نییە، چونكە ئەنجوومەن لەوێ ئامادەیی نییە، بۆیە بڕیارەكان یاسایی نین و باتڵن.

رێبوار تاڵەبانی راشیگەیاند، سووتاندنی گەنمی جووتیاران، تەنیا لە كەركوك نییە، بەڵكوو لە چەندین شوێنە و دەنگۆی ئەوە ھەیە جگە لە داعش، دەستی بازرگانانیشی تێدا بێت، بۆ ئەوەی بازاڕ قۆرخ بكەن بۆ خۆیان  و باس لەوە دەكرێت كە لە سنووری كەركووك، حەشدی شەعبییش لەگەڵ داعش دەستی لە سووتاندنی گەنمی جووتیاراندا ھەیە، بۆیە چەند خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك باسی لەوەش كرد، پارێزگاری كەركوك تا ئێستا دەوامی نەكردووە لە پەرلەمان و پێویستە بچێت دەوام بكات، چونكە ناكرێت پەرلەمانتار بێت و كاری پارێزگاریش بكات، لەبەر ئەوە پەرلەمانیش كەمتەرخەمە و پێویستە بانگھێشتی بكات و سەرەڕای كاری نایاسایی، نەچووەتە پەرلەمانیش دەوام بكات.

هەروەها رایگەیاند، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ ببێتەوە، چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی ھاوبەشی یەكێتی و پارتی دەكەین، بەڵام ھەر چۆنێك بێت، پێویستە دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكرێت، یەكەم كاری ئێمەش لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەبێت و ھێزی سەربازی دەردەكرێت و دواتر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نایاساییەكانی پارێزگار دەبێت".

 هـ ـ ح