چاوەڕێی فەرمانی بەغدان.. ڕێگە نادرێت نەجمەدین كەریم لوبنان جێبهێڵێت

عیراق

23/05/2019‌ 4117 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركوك لە فرۆكەخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوولەوە دەستگیركرا ، بەڵام پێش ئەوەی رادەستی دادگای عێراق بكرێتەوە ئازادكرا ، لەگەڵ ئەوەش ئێستا ڕێگری لێكراوە لەوەی بڕواتە دەرەوەی لوبنان و پاسپۆرتە ئەمەریكییەكەشی لێوەرگیراوە و چاوەڕێی دەسەڵاتدارانی عێراق دەكرێت تا دۆسییە دادوەرییەكەی بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان بنێردرێت .

سەرچاوەیەكی دادوەری لوبنانی بە رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت"ی راگەیاندووە، نەجمەدین كەریم، كە پزیشكی تایبەتی جەلال تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی عێراق بووە و تۆمەتبارە بەوەی لەوكاتەی پارێزگاری كەركوك بووە دەستی هەبوو لە بردنی ماڵی گشتی دەزگای ئاسایشی لوبنان ڕادەستی داواكاری گشتیاان كردووە و دوێنی وتەی لیوەرگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، دوای ئەوەی وتە لە نەجمەدین كەریم وەرگیراوە بڕیاردراوە لەژێر لێكۆڵینەوەدا بهێڵرێتەوە ، بۆیە ئازادكراوە ، بەڵام ڕێگەی پێنادرێت سەفەری دەرەوەی لوبنان بكات ، بۆیە ئەو پاسپۆرتە ئەمەریكییەی پێیهاتووەتە ناو لوبنان لێوەرگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیاندووە، نەجمەدین كەریم هەر لە لوبنان دەمێنێتەوە تائەوكاتەی دەسەڵاتدارانی عێراق دۆسییە دادوەرییەكەی دەدەنە دەست دەسەڵاتدارانی لوبنان و رێوشوێنی پێویستی لەوبارەیەوە دەگیرێتەبەر.

هەروەها سەرچاوەیەكی نزیكیش لە حكومەتی عێراقیش جەختی لەسەر راستی راگرتنی نەجمەدین كەریم كردووەتەوە و  رایگەیاندووە، ئەگەری هەیە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ڕادەستی دەسەڵاتدارانی بەغدا بكرێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی