بڕیاری ناچاری.. توركیا واز لەكڕینی نەوتی ئێران دەهێنێت

جیهان

23/05/2019‌ 807 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی باڵای توركیا رایگەیاندووە، لەسەرەتای مانگی مایسەوە ئەو وڵاتە بەتەواوەتی دەستبەرداری هاوردەكردنی نەوتی ئێران بووە ، ئەوەش وەك پابەندبوونێك بە گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆسەر كەرتی نەوتی ئێران .

ئاژانسی "فرانس پرێس" لەسەر زاری بەرپرسێكی شاندی وەزارەتی دەرەوەی توركیا بۆ واشنتۆن گواستوویەتییەوە ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، بەو سیفەتەی هاوپەیمانی واشنتۆنین ، بۆیە پابەندی گەمارۆكان دەبین.

ئەو بەرپرسە توركە، كە داوای كردووە ناوی نەهێنرێت ئەوەشی راگەیاندووە، وڵاتەكەی لە ٢ی مایسەوە بەشێوەیەكی تەواوەتی كڕینی نەوتی ئێرانی راگرتووە.

ئەمە لەكاتێكدایە راپۆرتە میدیاییەكان باس لەوە دەكەن، كە چینیش هیچ داواكارییەكی تری بۆ كڕینی نەوتی ئێران پێشكەش نەكردووە ، هەروەك ئەو وڵاتە لەو لێدوانانەی پێشتر پاشەكشەی كردووە كە دەیگوت پابەند نابێت بە گەمارۆكانی واشنتۆن بۆسەر تاران ، ئەوە جگە لەوەی ئاژانسی رۆیتەرز باسی لەوە كردووە كە بۆ ئەم مانگە هەردوو كۆمپانیای زەبەلاحی " سی ئێن بی سی " و " سینۆك" هیچ داواكارییەكی نوێیان بۆ كڕینی نەوتی ئێران پێشكەش نەكردووە.

دوای سەپاندنەوەی گەمارۆكان بەسەر ئێراندا ، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ ماوەی شەش مانگ هەریەك لە چین و كۆریای باشوور و توركیا و یۆنان و ئیتالیا و تایوان و هیندستان و یابانی بەخشیبوو لەوەی نەوتی خاوی ئێران هاوردە بكەن ، تا ئەوكاتەی جێگرەوەیەك بۆ نەوتی ئێران دەدۆزنەوە ، ئەو مۆڵەتەش لە ٢ی مایس كۆتایی هات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی