توركیا خۆی بۆ هەر گەمارۆیەكی چاوەروانكراوی ئەمریكا ئامادەدەكات

جیهان

23/05/2019‌ 1140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رایگەیەند، وڵاتەكەی بەهۆی مامەڵەی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 خۆی بۆ هەر گەمارۆیەكی چاوەڕوانكراوی ئەمەریكا ئامادە دەكات .

ئەو لێدوانەی ئاكار لەكاتێكدایە، لەبارەی كڕینی فرۆكەی ئەمەریكی ئێف-٣٥ بەرەوپێشچوون لەگفتوگۆكانی نێوان هەردوولا نەهاتووەتە ئاراوە.

ئاكار لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوەش كرد، كە توركیا پابەندە بە بەرپرسیاریتییەكانی لە پرۆژەی درووستكردنی فرۆكەی ئێف-٣٥ ، هەروەك چاوەڕێی ئەوەیە پرۆژەكە وەك جۆن بەرنامەی بۆدانراوە ئاوا برواتە پێشەوە.

سەبارەت بە كرینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی روسیش ، ئاكار رایگەیاند، ئامانج لەو گرێبەستە تەنیا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی توركیایە و هیچ مەترسییەكیش لەسەر ناتۆ یان واشنتۆن درووست ناكات.

وەزیری بەرگری توركیا راشیگەیاند "لەگفتوگۆكانمان لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكان پێمان وایە هێوربوونەوەیەك و نزیكبوونەوەیك لە تێڕوانینی هەردوولا بۆ بابەتەكان هاتۆتە ئاراوە وەك بابەتی رۆژهەڵاتی فوڕات و ڕادەستكردنی فرۆكەی ئیف-٣٥ و سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریكی ، هەروەك گوتوویەتی گرێدانی رادەستكردنی فرۆكەی ئێف-٣٥ بە مامەڵەی كڕینی سیستەمی ئێس-٤٠٠ یەكێكە لە ئاستەنگەكان".

ئاكار ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لەهیچ بەندێكی رێكەوتننامەی تایبەت بە درووستكردنی فرۆكەی ئێف-٣٥ دا نەهاتووە بڵێت ئەگەر یەكێك لە لایەنەكانی پرۆژەكە،  سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ بكڕێت ئەوە لە بەرنامەی درووستكردنی ئەو جۆرە فرۆكەیە دوور دەخرێتەوە .

هاوكات كەناڵی CNBS ئەمەریكی باسی لەوە كردووە كە واشنتۆن مۆڵەتێكی دوو هەفتەیی داوەتە توركیا تا بڕیاری خۆی لەسەر مامەڵەی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ ی رووسی یەكلایی بكاتەوە ، ئەگینا واشنتۆن سزا دەخاتە سەر ئەو وڵاتە .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی