شارپرێس ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی نهێنی پارتی‌و یەكێتی ئاشكرادەكات

کوردستان

23/05/2019‌ 6355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی كۆبوونەوەیەكی نهێنی‌و دوور لەچاوی كامێراكانیان ئەنجامداوەو تێدا تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، كۆبوونەوەكە رۆژی چوار شەممە لەماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ئەنجامدراوە، كە شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەردانەكەیان كردووەو شاندەكەش لە ئەرسەلان بایز، عومەر فەتاح و عیماد ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێكهاتوون.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی شاندی پارتی دیموكرات، گەرەنتی داوە، بەوەی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی وەك خۆی جێبەجێدەكرێت‌و پێویست ناكات دوودڵ بن.

هاوكات رایگەیاندووە، بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم، كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ ئەو پۆستە لە ٩ی حوزەیران بەرھەم ساڵح  سەرۆك كۆماری عێراق لەپشكی یەكێتی بەفەرمی بانگھێشت دەكرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن دانیشتنەكە دوای ئەوە هاتووە، كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پێشتر رێككەوتنیان كردووە، بەڵام سەركردایەتی یەكێتی گومانیان لەجێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە هەبووە بۆیە بۆ دڵنیابوون شاندیكیان ناردووەتە لای پارتی.

هـ ـ ح