سەردانی بەرپرسان بۆ ئێران زیادی کردووە.. ئێران گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە

جیهان

23/05/2019‌ 378 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئێران رایدەگەیەنێت کە هەموو ئەو بەرپرسە بیانیانەی بەنهێنی یان بە ئاشکرا سەردانی ئێرانییان کردووە پێمان گوتوون کە هیچ دانوستانێک لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناکەین.

کەیوان خەسرەوی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، سەردانی بەرپرسانی وڵاتان بۆ ئێران زیادی کردووە... هەندێ لەو سەردانانە بەئاشکرایی بوون و هەندێکیشیان نهێنی بوون.

خەسرەوی  ئاماژەى بەوەشکردوە،لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەبێ جیاوازی بەهەموو ئەو بەرپرسانەی سەردانیان کردووین ، نامەی هێز و لۆژیک و خۆراگری گەلی ئێرانمان پێراگەیاندوون.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە دەڵێت کە لەسەر ئەو رێگایە بەردەوام دەبن و هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ واشنتۆن ناکەن تا ئەوکاتەی ئەو وڵاتە رەفتاری خۆی دەگۆرێت و دان بە مافەکانی ئێراندا دەنێت.

پێشتر عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیری عێراق باسی لەوە کرد کە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان دوو شاند بۆ تاران و واشنتۆن دەنێرێت .

رۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی سوڵتاننشینی عوممان سەردانی تارانی کرد و چاوی بە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کەوت و ، میدیاکانی ئیرانیش گوتیان ئەو سەردانە بەمەبەستی نیوەندگیرییە لەنێوان تاران و واشنتۆن ، هەرچەندە دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەی رەتکردەوە کە ئەو سەردانە بەمەبەستی نێوەندگیری بووبێت لەنێوان ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان .

و. ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی