ناوەندێكی ئیسلامی فەتوا دەدات لەڕۆژانی زۆر گەرمدا ڕۆژو بشكێنن

جیهان

24/05/2019‌ 1277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میسر و چەند دەوڵەتێكی عەرە‌بی ڕووبەڕووی شەپۆلێكی توندی گەرما بوونەوە، كە بەیانی و دووبەیانی دەگاتە 46 پلە.

ئەمەش‌ وای لە هەندێك كەس كردووە‌ بپرسن ئاخۆ دەكرێت بەهۆی پلەبەرزبوونەوەی گەرماوە ڕۆژو بشكێنن، كە ئەوە پاڵی بە میدیاكانی میسرەوە ‌نا ، لە ڕێگەی پێگەی ئەلەكترونییەوە ، پەنا بۆ ماڵی فەتوای میسری بەرن.

ڕۆژنامەی وەتەن میسری ئاماژەی بەوە داوە، كە ماڵی فەتوای میسری پرسەكەی یەكلاییكردووەتەوە سەبارەت بە رۆژو شكاندن لەمانگی ڕەمەزاندا.

لەو بارەوە عەلی جومعە‌ی موفتی میسر فەتوای داوە و رایگەیاندووە، دەگونجێت ڕۆژو بشكێنن بەو مەرجەی ئەو كەسانەی دەیشكێنن لە كارە قورسەكاندا كار بكەن، وەك ئەوەی لەبوارەكانی كشتوكاڵ، حەماڵی و كۆڵبەری، بیناسازیدا كار دەكەن، ئەوانەی كۆششێكی زۆر  دەكەن لەكارەكانیاندا، كارەكانیشیان سەرچاوەی بژێوی ژیانیانن.

ماڵی فەتوای میسری لە فەتوایەكیدا لەسەر پێگەی ئەلەكترۆنی خۆی راشیگەیاندووە، لە ڕووی شەرعییەوە چەند مەرجێك بۆ ڕۆژووگرتن دانراوە، ‌كە تێیدا ڕژوگرتن دەبێتە ئەرك، واتە دەبێت بە دووربێت لەقەدەغەكراوە شەرعییەكانی ڕۆژوگرتن، وەك كەوتنە سوڕی مانگانەی ئافرەتان، ماوەی دوای منداڵبوونی ئافرەتان، توانست وزەی جەستەی ڕۆژوەوان بۆ ڕۆژووگرتن بەوەی نەخۆشییەكی دژواری نەبێت، كەسەكە زۆر بە تەمە‌ندا نەچووبێت، لە گەشتدا نەبێت، چونكە گەشت شەكەتی و ماندووبونی تێدایە.

ماڵی فەتوای میسری ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، توانستی جەستە ئەوەش دەگرێتەوە ، كە ڕۆژوەوان كارێكی وا قورسی نەبێت لە ڕۆژدا بیكات و نەشتوانی دەستبەرداری بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و خێزانەكەی لەسەر بەندە، ئەگەر ڕۆژوەوان نەیتوانی كارەكەی بۆ دوای ڕەمەزان دوابخات، یان كارەكەی بخاتە شەو، ئەوا لە ڕۆژانی ڕەمەزان ڕۆژوگرتنی لەسەر نییە،‌ چونكە بژێوی خۆیی و خێزانی لەسەر بەندە، وەك جوتیار و حەماڵ و كۆڵبەر و بیناسازان و خەڵكانی دیكەی هاوشێوەیان، كە لە گەرمای تاقەتپڕوكێندا بۆ چەند كاتژمێرێكی دوور و درێژ كار دەكەن.

هەروەها ئەمین عاشووری ئەمینداری ماڵی فەتوای میسر رایگەیاندووە، مانگی ڕەمەزان قەرەبوو ناكرێتەوە، بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی بێ پاساو بەڕۆژو نابن، بەڵام ئەوەی پاساوی هەبێت هەر وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، ڕۆژووی لەسەر نییە، چونكە  ڕۆژووگرتن شەكەتی و ماندووبوونی بۆ بەندەكان تێدایە.

ئەمیندار ئەوەشی ڕوون كردەوە، كە ناكرێت لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان خەڵكی ڕۆژوو بشكێنن، تەنیا ئەوانە نەبێت، كە پاساوی شەرعیان هەیە وەك نەخۆشی و شتی دیكەش.

سەرچاوە:  RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر