عێراق بەفەرمی نهێنییەكی سەردانەكەی ترامپ بۆ بنكەی عەین ئەسەد ئاشكرادەكات

عیراق

24/05/2019‌ 4410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موحەمەد حەكیم وەزیری دەرەوی عێراق ئاشكرایككرد، لەكاتی سەردانی دۆناڵد ترامپ بۆ عێراق ئەوە عادل عەبدولمەهدی بووە، كە ئامادەنەبووە ئەو ببینێت.
 
موحەمەد حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی كەناڵی سۆمەرییە نیوزدا، ئاماژەی بە سەردانی چاوەڕواننەكراوی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق كردووەو رایگەیاندووە، لەكاتی سەردانی كورتخایەنی ترامپ بۆ عێراق، ئەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بووە، كە دیداركردن لەگەڵ ئەوی ڕەتكردووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەعات 10 بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە، كە ترامپ بۆ عێراق دەهات، "منی لێ ئاگادار كردەوە و ڕاشیگەیاند ترامپ بۆ فڕۆكەخانەی عەینولئەسەد دەڕوات تا سەربازانی وڵاتەكەی لەجەژنی سەری ساڵی نوێدا ببینێت".

هەروەها رایگەیاند، ئەركی ئەوەشی پێسپێردراوە، كە سەرۆك كۆماریش لەهاتنی ترامپ بۆ عێراق ئاگاداربكاتەوە.

حەكیم لەبەردەوامیشدا ئەوەشی راگەیاندووە، بڕیاربووە عادل عەبدولمەهدی بۆ بنكەی عەینولئەسەد بڕوات و پێشوازی لە ترامپ بكات، بەڵام كاتێك باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، كە ئەو تەنیا 15 خوولەك دەتوانێت لەگەڵ ترەمپدا دیدار بكات، عەبدولمەهدی لەڕۆیشتن  بۆ بنكەی عەینولئەسەد و پێشوازیكردن لەو وازیهێناوە.

وەزیری دەرەوی عێراق هەروەها ڕایگەیاند، بڕیاڕی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپێشوازینەكردنی ترامپ لەوكاتەدا لەبنكەی عەینولئەسەد، بەواتای پاراستنی سەروەری خاكی عێراق بووە.

وەرگێڕان: یاسین نادر