بە ئاگادارى بارزانى و عادل عەبدولمەهدى نەجمەدین کەریم لەبەغدا دەچێتە بەردەم دادگا

کوردستان

24/05/2019‌ 3706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارە لە داهاتوودا نەجەمەدین کەریم پارێزگارى پێشووى کەرکوک بچێتە بەردەم دادگا و ئەوەش بە ئاگادارى مەسعود بارزانى و عادل عەبدولمەهدى دەبێت.

بەپێى چەند زانیارییەک کە لەسەرچاوەیەکى کورد لە بەغداوە دەست شارپرێس کەوتووە بڕیارە لە مانگى حوزەیرانى یان تەمووزى داهاتوو نەجمەدین کەریم پارێزگارى پێشووى کەرکوک لەسەر ئەو سکاڵایانەى لەسەرى تۆمار کراون لەبەغدا بچێتە بەردەم دادگا.

سەرچاوەکە ئاشکراى کرد، نەجمەدین کەریم خۆى پێى باش بووە کە بچێتە بەردەم دادگاو بێ تاوانى خۆى لەو تۆمەتانە بسەلمێنێت، بەڵام بەوتەى ئەو سەرچاوەیە چوونى ناوبراو بۆ بەردەم دادگا پێویستى بە هەندێک رێوشوێنى یاسایی و سیاسى هەبووە کە لەبەرچاو بگیرێن.

لەلایەکى ترەوە فوئاد حسێن وەزیرى دارایی عێراق لەمیانى چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى شەرقییە رایگەیاندوە، هیچ کام لە بارزانى و عادل عەبدولمەهدى رۆڵیان نەبووە لە ئازادکردنى نەجمەدیم کەریم لە لوبنان، بەڵکو دادگاى لوبنان خۆی ناوبراویان ئازاد کردوە.

فوئاد حسێن ئاشکراشى کرد، خۆم خەریکی ئامادەکاری ئەوە بووم دوای جەژنی رەمەزان نەجمەدین کەریم بهینین بۆ بەغداو دوای جەژن نەجمەدین کەریم لە شاری بەغدا دێتە بەردەم دادگای عێراقی لەبەر ئەوەی دەزانێت ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون راست نین و هەڵبەستراون .

ئەم وتانەى فوئاد حسێن زانیارییەکانى شارپرێس پشتڕاست دەکاتەوە کە بە ئاگادارى بارزانى و عادل عەبدولمەهدى نەجمەدیم کەریم دەچێتە بەردەم دادگا.

س.هـ