پەیامێک دەدەنە کۆسرەت رەسوڵ.. ژمارەیەک سەرکردەى یەکێتى پێشنیازى فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پارێزگارى کەرکوک رەتدەکەنەوە

کوردستان

24/05/2019‌ 4654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەشێک لە سەرکردەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان  لەبارەى دەنگۆى دیاریکردنى فەرەیدون عەبدولقادر بە پارێزگارى کەرکوک رەتدەکەنەوە.

 

بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس ژمارەیەک لەسەرکردەکانی یەکێتی سەردانی کۆسرەت رەسوڵ جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتیان کردوەو پەیامێکیان لەسەر دانانی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پارێزگاری کەرکوک داوەتە جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى.

 

یەکێک لەو سەرکردانەى بەشدارى کۆبوونەوەکەى کردوە بەشارپرێسى راگەیاند، لەپەیامەکەیاندا راشکاوانە رایانگەیاندوە، دەبێت پارێزگارى کەرکوک لەیەکێتی بێت و بەفلتەری مەڵبەندی کەرکوک و سەرکردایەتی حزبەکەیاندا تێپەرێت.

 

هەروەها ئەو سەرکردەیە ئاشکراشى کرد، لە پەیامەکەیاندا داواشیان کردوە یەکێتى پشتیوانی لە پێکھێنانی حکومەت نەکات تا پڕۆسەى دیاریکردنى کاندیدى یەکێتى بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک یەکلایى دەکرێتەوە.

 

ھاوکات ئەو سەرکردانەى یەکێتى داواشیان کردوە بەفەرمى یەکێتى لەوبارەیەوە ھەڵوێستی خۆى رابگەیەنێت.

 

پێشتر شارپرێس ئەوەى بڵاوکردەوە کە پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیازی بۆ یەکێتى كردووه‌ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بکرێتە پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك.

س.هـ

بەپەلە