شارپرێس:
هەموومان دەزانین راهێنانە وەرزشییەكان بەكەڵك و پێویستن بۆ تەندرووستی جەستە و بەهێزكردنی تەندرووستی دەروونی و هۆشەكیمان ، هەروەك یارمەتیدەریشە بۆ دابەزاندنی كێش.
راپۆرتێكی نوێی بەریتانی ئەوەی ئاشكراكردووە، كە زۆربەی زۆری خەڵك كاتی پێویستیان نییە و ناپڕژێنە سەر ئەوەی خوویان بدەنە یارییەكانی لەشڕێكی ، لەبەر ئەوە رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی هەندێك جوڵەی وەرزشی باس كردووە، كە سەرقاڵترین كەسیش دەتوانێت بیانكات.
كاتژمێر حەوتی بەیانی ، هەستان لەخەو و خۆلێككێشانەوە
هەر كە لەخەو هەستای ماوەیەك لەناو جێگا خۆت لێكبكێشەوە و باڵەكانت درێژ بكە و جەستەت لێكبكێشەوە و هەناسەیەكی قوڵ بدە ، دواتریش هەردوو ئەژنۆت بەرەو سنگت بێنە .
7:30 ی بەیانی : ڕاهێنانی هەڵترووشكان لەكاتی ددان شووشتن
ئەم راهێنانە بریتییە لە نووشتاندنەوەی هەردوو ئەژنۆ وەك ئەوەی دانیشتبی و بەبەردەوامیش گوشار بخەرە سەر هەردوو قاچت .
كاتژمێر ٩ ، خۆت دوور بگرە لەوەی بەسەر ئاسانسوار " مصعد" سەربكەویت
توێژەران دەڵێن سەركەوتنی بەردەوام لەڕێگای قادرمەوە دەبێتە هۆی دابەزاندنی گوشاری خوێن و ئاستی كۆلیسترۆڵ ، واشدەكات كەمەرێكی نموونەیت هەبێت
كاتژمێر ١٠ راهێنانی دیوار
بۆ نموونە لەكاتی چاوەرێكردنی ئامادەكردنی چا یان قاوە هەندێ راهێنانی پاڵنان بەدیوار بكە .
كاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ رۆیشتن و قسەكردن
شارەزایان دەڵێن كێشە نییە ئەگەر لەكاتی تەلەفۆنكردندا لەسەر كورسی دابنیشی ، دەشكرێت لەوكاتەدا لەڕێگای نووشتاندنەوەی هەردوو ئەژنۆ بە گۆشەی ٩٠ ، ماسوولكەكانی ران بەهێز بكەیت.
5:30 ئێوارە : گرنگە جار جارە هەندێ راهێنانی سووك بكەیت وەك ئەوكاتەی چاوەڕێی پاس دەكەیت .
8 ئێوارە : راهێنانی ڕیكلامەكان
لەوكاتەی لەتەلەفزیۆن سەیری بەرنامەی دڵخوازی خۆت دەكەی ، زۆر گرنگە لەكاتی هاتنی بڕگەی ڕیكلامەكان خۆت بۆ هەندێ جوڵە و ڕاهینانی ماسولكە و جەستەت تەرخان بكەیت .
9 ئێوارە : ڕاهێنانی لەشڕیكی لەگەڵ هاوڕێكانت
لەجیاتی چوونەدەرەوە بۆ خواردنی نانی ئیوارە یان چوونە كافێ و قاوەخانەكان ، دەتوانیت پلان بۆ هەندێ راهێنانی لەشڕێكی لەگەڵ هاوڕێكانت دابنێی ، وەكو یاری ڕیشە یان ڕۆیشتن بەشێوەی گورگەلۆقە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی